فریاکەوتنی سنە: لە بۆنەکانی نەورۆزدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 321 کەسیش بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

فریاکەوتنی خێرا پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە، لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە نەورۆزدا کەسێک لەو پارێزگایە گیانی لەدەستداوە و 321 کەسیش بریندار بوون. رێژەی بریندارەکانی شەوی نەورۆزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار 61٪ زیادی کردووە.
 
حوسێن جەعفەری، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنە، رۆژی 20-03-2024 رایگەیاند، لە رووداوەکانی شەوی نەورۆزدا 91 کەس بریندار بوون، بەڵام ساڵی پار 57 کەس بریندار ببوون.
 
بەگوتەی حوسێن جەعفەری، لە یەک مانگی رابردوودا کە وردە وردە ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستپێدەکات، 321 کەس لە پارێزگای سنە بەهۆی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان و ئاگری زۆر گەورەوە، بریندار بوون.
 
سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای سنە دەڵێت: لە رووداوەکانی چوارشەممە سووریدا هاونیشتمانییەک کە سووتابوو و سێ رۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنەدا گیانی لەدەستدا.
 
ئەو هاونیشتمانییە، ناوی مەتین قەیسەرییە و خەڵکی شاری دیواندەرە بوو. ئێوارە چوارشەممەسووری لەگەڵ 3 هاوڕێی دیکەی یارییە ئاگرینەکانیان پێدا تەقیوە و هەموویان بریندار بوون. ئەو خانووەی تێیدا بوون زیانی زۆری بەرکەوت.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لە رووداوەکانی نەورۆزدا 4 کەس کەمئەندام بوون و 7 کەسیش بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەکەیان، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایەدا خەوێنراون.
 
ئەو کەسانەی بریندار بوون بەهۆی یارییە ئاگرینە دەستکردەکانەوە بریندار بوون، کە کوالێتییەکی ئەوتۆیان نییە.
 
پۆلیس پێشتر هۆشداریی دابوو هەر کەس لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری و نەورۆزدا کێشە بۆ خەڵک دروست بکات، تاوەکو کۆتایی یەکەم مانگی بەهار دەستبەسەر دەکرێت.