رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە نوێترین راگەیێندراویدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی ئێکس، بۆردوومانکردنی 39 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانی و بە هاوئاهەنگیی میت، لە رۆژانی 19-20ـی ئاداری 2024، 39 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە، بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی پەکەکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنی و خەڵکەکانیان و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان؛ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک و قەندیل ئەنجامدرا. جەخت لەوەشکراوەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 39 پێگەی پەکەکە، لە حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج.
رۆژی 16ـی ئاداری 2024، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیێندراوێکیدا بڵاویکردەوە، گەریلاکان هێرشێکیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی زاپ و بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژران و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ