لە شنۆ چوار هاونیشتمانی دەستگیر کران

رووداو دیجیتاڵ 

چوار هاونیشتمانیی خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
 
لە شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار هاونیشتیمانی بە ناوەکانی ئەمیر رەحمانی، فەخرەدین ئەحمەدی، شەهرام شاهی و رەحیم سەلامەت لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
 
بەپێی زانیارییەکان، شەوی دووشەممە، 18ی ئاداری 2024، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی ئەو هاونیشتمانیانە و بێ ئەوەی بەڵگەی یاسایی و بڕیاری دادگەیان پێ بێت، ئەو کەسانەیان دەستگیر کردووە.
 
تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو چوار هاونیشتمانییە روون نییە و تۆمەتەکانیان دیار نین.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی هیوا شەریفی، تەمەن 16 ساڵ، شوان بابەکری، تەمەن 39 ساڵ، شەفیع بابەکری، تەمەن 36 ساڵ، شاهین ئیبراهیمی، تەمەن 28 ساڵ و ساڵح سەخاوات، تەمەن 37 ساڵ، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە، سەرجەم سزای 21 مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، هیوا شەریفی بە 3 مانگ بەندکردن، دوو برا بە ناوەکانی شوانە بابەکری و شەفیع بابەکری، هەر یەکێکیان بە 6 مانگ بەندکردن و هەروەها ساڵح سەخاوەت و شاهین ئیبراهیمی هەر یەکێکیان بە 3 مانگ بەندکردن سزا دراون.