کەشناسی: تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بارانبارین بەردەوام دەبێت

21-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بارانبارین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و جگە لە رۆژی پێنجشەممە، سبەی هەینیش باران لە هەولێر و دەوروبەری و ناوچەی گەرمیان دەبارێت و پلەی گەرماش سێ بۆ چوار پلە دادەبەزێت.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کەشی پێشبینیکراوى 48 کاژمێرى داهاتووی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. 
 
بەپێی پێشبینییەکان، کەشوهەوای ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئادار، ئاسمان بەگشتی هەورى تەواو دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێت، لەکاتەکانی ئێوارە بۆ ماوەیەکی کەم ئەگەری گۆرینی دۆخەکە بۆ شێوەی تاوەباران و بروسکە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و دەوروبەری هەیە.
 
خێرایی با، بۆ ئەمڕۆ مامناوەند دەبێت، واتە لەنێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت و هەندێک کات 15 بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە یەک کاژێردا چالاک دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی سێشەممە.
 
سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی هەینی، 22ـی ئاداری 2024، کەشناسیی پێشبینی کردووە، ئاسمان هەورى تەواو بێت؛ لەکاتەکانی بەرەبەیان دابارین بەشێوەی نمەباران دەستپێدەکات، سەرەتا لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی بۆ تەواوی ناوچەکان درێژ دەبێتەوە.
 
دەشڵێت، بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت، لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ شێوەی دابارینەکە بۆ تاوەباران  و برووسکە دەگۆڕێت، بەجۆرێک هەندی کات بۆ ماوەیەکی کەم پێشبینی لێزمەبارانیش لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوربەری و لە ناوچەکانی گەرمیاندا دەکرێت.
 
خێراى با لەسەرخۆ بۆ  مامناوەند، واتە لەنێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت و ئەگەری چالاکبوونیشی بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێک هەیە. 
 
هەروەها پێشبینی ئەوەشدەکرێت سبەی هەینی پلەکانی گەرما بەمشێوەیە بێت:
 
- هەولێر: 13 پلە
- سلێمانی: 11 پلە 
- دهۆک: 10 پلە
- زاخۆ: 11 پلە 
- هەڵەبجە: 14 پلە 
- کەرکووک: 15 پلە 
- سۆران: 8 پلە 
- حاجی ئۆمەران: 2 پلە 
- گەرمیان: 16 پلە 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە