گوتەبێژی دەم پارتی بۆ رووداو: هیچ دانوستاندنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی نییە

21-03-2024
سینا سۆما
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانی- دەم پارتی لە گۆڕەپانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانی- دەم پارتی لە گۆڕەپانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانی- دەم پارتی رایگەیاند، هیچ دانوستاندنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەریی لە باکووری کوردستان نییە، هەروەها رەتیکردەوە لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەبێت و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئیمراڵی هەبێت، ئێمە ئاگادار دەبین".
 
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانی- دەم پارتی لە گۆڕەپانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "هیچ زانیارییەکمان لەسەر دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نییە، چونکە رێگەنادرێت سەردانی بکەین".
 
دەقی هەڤیەیڤینی رووداو لەگەڵ ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی:
 
رووداو: ئایشەگول خانم، نەورۆزتان پیرۆز بێت.
 
ئایشەگول دۆغان: جەژنی نەورۆز لە ئێوەش پیرۆز بێت، نەورۆزی هەر چوار پارچەی کوردستان پیرۆز بێت، لێرەوە هەتا مهاباد، هەتا هەولێر، هەتا کۆبانێ، هەتا ئەو کەسانەی ئێستا لەسەر خاکی خۆیان نین، ئەو کەسانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لەسەر ئەم خاکە باجی زۆریان داوە و هێشتا لە دوورە وڵات دەژین. نەورۆزی ئەو کەسانەش پیرۆز دەکەین و لێرە لە ئامەد سڵاو دەنێرین بۆ هەموو زیندانییەکانمان.
 
رووداو: ئایا ئێوە ئەم نەورۆز وەک دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری و ئاشتی دەبینن؟ 
 
 
ئایشەگول دۆغان: هەموو جارێ، هەموو ساڵێک لە هەر شوێنێک بووبێت، گۆڕەپانەکانی جەژنی نەورۆز بوونەتە شوێنی داوا و هیوای گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە (پرسی کورد). نەورۆز بۆ کورد واتایەکی زۆر گرینگی هەیە، لە هەر شوێنێک بێت، بۆ ئەو شوێنە واتەیەکی تایبەتی هەیە، ئەویش سەرهەڵدان لە دژی ستەم، زۆرداری، رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن و لەناوبردنە. جاران منیش وەک رۆژنامەڤانێک وەکوو ئێوە لە نزیکەوە چاودێری ئەم گۆڕەپانەی ئامەدم دەکرد، ساڵ لە دوای ساڵ ئەم داواکردنە گەورەتر دەبێت و وازی لێ ناهێنن. دەست درێژ دەکەینەوە، بۆ کورد ئەم بناخەیە هەمیشە ئامادەیە، کورد بۆ ئەمە ئامادەن، بەڵام پێویستە ئەوانەی ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکان دەکەن، کە کورد لە هەر شوێنێک دەستکەوتی هەبێت چاویان لێیە، ئەم بۆنەیە بکەنە دەرفەتێک، پێویستە دەستەلاتدار و بەڕێوەبەرانی ئەم کۆمارە و ئەو کەسانەی بریاری پێکدادان و شەڕ دەدەن، پێویستە ئیتر ئەوان بڵێن، ئەمە دەرفەتە. هەموو خاکی جوگرافیای کوردستان، دوێنێ لە جزێرێ بووم و ئەم بەیانییە بەرێکەوتم و هاتمەوە، لە جزێر، لە گەڤەر، ئەمڕۆ لە ئامەد، هەفتەی رابڕدوو لە 17ی ئەم مانگە لە ئەستەنبووڵیش، خەڵک بە دەنگی خۆی هەمان داواکاری و بانگەوازیان ئاراستەی هەموو جیهان کرد.
 
رووداو: واتە بە رای ئێوە دەسەڵات بۆ ئەوە ئامادە نییە، هیچ نیشانەیەک لەسەر ئەوە نابینن؟
 
ئایشەگول دۆغان: هیچ ئاماژەیەک نییە، هیچ نیشانەیەک نییە. پێویستە ببێتە بڕیاری دەوڵەت. لە ساڵەکانی 90-91ەوە تائێستا زۆر جاران چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تاقیکراوەتەوە بەڵام..
 
رووداو: دەگوترێت دانوستاندنێک هەیە، بۆ نموونە لە ئیمرالی و لە لایەنی دیکەوە، ئایا ئێوە پشتڕاستی دەکەنەوە؟
 
 ئایشەگول دۆغان: نەخێر، وەک گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێم، هیچ جۆرە دانوستاندنێک لە نێوان ئێمە و دەستەڵات بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە.
 
رووداو: وەک دەم پارتی (دانوستاندن) نییە، بەڵام ئەی لە ئیمرالی، ئەگەر بە نهێنیش بێت؟
 
 ئایشەگول دۆغان: نەخێر، ئەگەر شتێکی لەم جۆرە هەبووایە، ئێمەش ئاگاداری دەبووین. دەڕگەی ئیمراڵی داخراوە، کەس ناتوانێت هیچ زانیاری و هەواڵێک لە ئیمرالییەوە بەدەستی بگات، بنەماڵەکەی ناتوانن هیچ زانیارییەک وەربگرن، پارێزەرەکانیشی هەروەها. ئێمە وەک پەرلەمانتار و گرووپی دەم پارتی داوامان کرد سەردان بکەین، بەڵام بێ وەڵام ماونەتەوە، دووبارە سەردانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمانیشمان کرد، گوتمان دەمانەوێت لە شوێنی خۆی سەردانی بکەین، چی هەیە لەوێ، چی دەقەومێت، بۆچی دەرگەی ئیمرالی داخراوە، بۆچی ئەو دوورگەیە وەکوو قوتوویەک بە داخراوەیی دەهێڵدرێتەوە. هۆکارەکەی چییە، ئەو هەموو کەسە کە لێرە ئامادەن، دەیانەوێت گوێیان لە دەنگی (عەبدوڵڵا ئۆجالان) بێت، دەڵێن دەمانەوێت گوێمان لە دەنگی بەڕیز ئۆجالان بێت، دەمانە
وێت گوێمان لە دەنگی ئەو بێت. دەڵێن، ئەگەر دەرگەی ئیمرالی بکرێتەوە، دەرگەی خێر و مژدەش دەکرێتەوە. ئێستا هیچ هەواڵێکی (ئۆجالان) نییە، چۆن دەکرێت دانوستاندنێک دروست ببێت.
 
رووداو: وەزارەتی دادی تورکیا لەوبارەیەوە هیچ شتێک ناڵێت؟
 
ئایشەگول دۆغان: وەزارەتی دادیش لەم بارەیەوە هیچ لێدوان و زانیارییەک نادات، چەندین جار بانگەوازمان کرد، سەرلێدانمان کرد وەک گرووپی دەم پارتی، بەڵام لەوبارەیەوە لە بارەی دوورگەی ئیمرالییەوە هیچ شتێک ئاشکرا ناکەن. ئەمەش داوایەکی زۆر گەورەیە، ئێوەش دەزانن چەندین مانگە لە زیاتر لە 100 گرتووخانەی تورکیا، بە هەمان هۆکار زیندانییە سیاسییەکان لە مانگرتنی گشتیدان.
 
رووداو: ماوەیەک پێش ئێستا بەڕیز ئەحمەد تورک لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هەرچەندە نافەرمیش بن کۆبوونەوە و دانوستاندنمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکپارتی هەیە، ئەمە چی دەگەیێنێت؟
 
ئایشەگول دۆغان: وەک خۆتانیش دەڵێن، بە شتی نافەرمی، شتی کەسی و دانوستاندنە کەسییەکان پرسی کورد (لە تورکیا) چارەسەر نابێت. دانوستاندنە نافەرمییەکان هیچ واتەیەکیان نییە. راستە (ئەحمەد تورک) لە هەڤپەیڤینەکەیدا وا دەڵێت، بەڵام دەشڵێت، ئەو دانوستاندن و پەیوەندییانە نافەرمی و شەخسین.
 
رووداو: بەڵام لەوانەیە ئەو کەسانە هەندێک پەیام بگەیێنن؟
 
ئایشەگول دۆغان: پرسێکی سەد ساڵەی وەک پرسی کورد بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، ئێمە ئەوە دەزانین و ئەوەشمان تاقیکردووەتەوە. ئێمە لە ناویدا ژیاوین، ژیانی هەموو کوردێک بەوشێوەیەیە. چۆنیەتی چارەسەرکردن و رێگەی چارەسەرکردنی دەزانین، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە ژیانی رۆژانەماندا دەبینین. لە ژیانی رۆژانەماندا ئەنجامەکانی دەبینین. کاتێک کەشێکی دیکە هەبێت، ئێمە دەزانین بایەکە بۆ چییە، کاتێکیش نەبێ دیسانیش هەر دەزانین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە