هەسەدە: تەرمی نۆ شەهیدەکەی تێکشکانی دوو هێلیکۆپتەرەکە گەیشتنەوە رۆژئاوا
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، تەرمی نۆ شەرڤانەکەی دژە تیرۆری رۆژئاوا، کە شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لە کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەردا لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا گەیشتوونەتە شاری حەسەکە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە رێوڕەسمێکی سەربازییدا بەخاکبسپێردرێن.
رۆژی سێشەممە 21-3-2023، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای زنجیرەیەک پەیوەندی، هێزەکانمان توانییان تەرمی ئەو نۆ شەهیدە سەرکردە و شەڕڤانەی یەکینەکانی دژەتیرۆر (Y.A.T) کە لە رووداوی تێکشکانی دوو هێلیکۆپتەر لە باشووری کوردستان شەهیدبوون بگەڕێنێتەوە کە لەکاتی چوونیان بۆ شاری سلێمانی لەچوارچێوەی چالاکی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش رۆژی 15ـی ئەم مانگە شەهیدبوون."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری دهۆک رایگەیاند، تەرمی نۆ شەرڤانەکە لە دوێنێ شەوەوە رادەستی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان کراونەتەوە.
هەسەدە دەڵێت: ژمارەیەک لە سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوەڵی تەرمەکان بوون، کە گەیێندراونەتە شاری حەسەکە.
بەپێی راگیێندراوەکە، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئادار رێوڕەسمێکی سەربازی و میللی بۆ تەرمەکان لە شاری حەسەکە رێکبخات. رێورەسمەکە بە گردبوونەوەی میللی و فەرمی لە کاژێر 11ـی بەیانی لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید ساریا لە گەڕەکی غوێرانەوە دەستپێدەکات و دواتر تەرمەکان لەسەر شان بۆ یاریگەی سەردەم لەهەمان گەڕەک دەگوێزرێنەوە، میوزیکی سەربازیی بۆ رێزلێنان لە شەهیدان لێدەدرێت و پاشان رێوڕەسمەکە بە گوتارێکی سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و گوتاری ژمارەیەک دامەزراوەی فەرمیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و نوێنەرانی هاوبەشان و هاوپەیمانانی شەڕی دژی تیرۆر دەخوێندرێنەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە و خەڵک دەکات چالاکانە بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکان و ناشتنیان بکەن.
کاژێر 09:00ـی شەوی چوارشەممە 15-3-2023 لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. رۆژی هەینی 17-3-2023 هەسەدە راگەیێندراوێکی لەو بارەوە بڵاوکردەوە و گوتی "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون."
بەگوێرەی هەسەدە، ئەو هێزەیان لە "چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لەپێناو ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی بۆ پاراستنی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان بەرەو شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان دەچوون"، بەڵام لە رێگەدا و بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دوو هێلیکۆپتەرەکە تێکشکان و بەهۆیانەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا.
هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکان لە جۆری Eurocopter AS350 بوون. دوای ئەو رووداوە؛ تورکیا و هاوپەیمانان هەر زوو رەتیانکردەوە کە هێلیکۆپتەری ئەوان بێت.
بەگوێرەی هەسەدە، کوژراوەکان بریتین لە هەریەک لە" شەڕڤان کۆبانی، هۆگر دێرک، دیدار دێرک، خەبات دربیسی، رۆژنگ رەفعەت، دۆغان عەفرین، کۆچەر دیرک، هاروون رۆژئاوا، فەراشین باران."لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر بووە.
رۆژی شەممە 18-03-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چیای کۆڕەک ئێوارەخوانێکی بۆ ژمارەیەک لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق رێکخست. لەبارەی رێوڕەسمەکانی ئادار و نەورۆز، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق قسەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە یەک هێلیکۆپتەر کرد و گوتی، ئەو هێلیکۆپتەرە "لە بنەڕەتدا لە لایەن گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کڕدرابوو، بەڵام چۆن گەیشتنە لای هەسەدە نازانین." لەبارەی هێلیکۆپتەری دووەمیشەوە کە هەسەدە دەڵێت، دوو هێلیکۆپتەر بوون، مەسرور بارزانی گوتی، هیچ لەبارەیەوە نازانن.