لە پارێزگای دهۆک 45 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی نەورۆز بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، شەوی رابردوو 45 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی ئاهەنگگێڕانەکانی نەورۆز، بریندار بوون. گوتەبێژی پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت دوو گەنجیان لەسەر "تەقەی خۆشی" دەستگیرکردووە و بڕیاری دەستگیرکردنیشیان بۆ ژمارەیەک کەسی دیکە دەرکردووە.
 
د. عەبدولڵا ئیحسان، بەڕێوەبەرى نەخوشخانەی فریاکەوتنی دهۆک رایگەیاند، تەنیا لە سەنتەری دهۆک، 18 کەس، کە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بریندار بوون، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان. گوتیشی، زۆربەیان دەست و قاچیان بریندار بووە.
 
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان، بەڕێوەبەرى نەخوشخانەی فریاکەوتنی دهۆک دەڵێت، زۆربەیان چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، تەنیا دوو بریندار لە نەخۆشخانەدا ماون، یەکێکیان تەمەنی 50 ساڵە و ئەوی دیکەش  منداڵێکی 10 ساڵانە، هەردووکیان دەست و چاویان بریندار بووە، بەڵام پیاوەکە مەترسیی هەیە چاوی لەدەست بدات.

 

هەر بەپێی بەدواداچوونى رووداو، جگە لە دهۆک، لە سنوورى ئاکرێ و بەردەڕەش 15 کەس، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ 10 کەس، لە ئامێدى دوو کەسى دیکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە برینداربوون، بەڵام سەرجەم بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
 
هەرچەندە پۆلیس پێشتر هۆشداری لە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان دابوو و داواشی کردبوو، "تەقەی خۆشی" نەکرێت، بەڵام لەگەڵ خۆرئاوابووندا لە زۆربەی شوێنەکان، یارییە ئاگرینەکان تەقێندران و لە هەندێک شوێنیشدا "تەقەی خۆشی" کرا.
 
عەقیدى مافپەروەر هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک بە رووداوی راگەیاند، شەوى رابردوو لە دهۆک دوو گەنج کە "تەقەی خۆشی"ـیان کردبوو دەستگیرکران، فەرمانى دەستگیرکردنیش بۆ چەند کەسێکی دیکە دەرچووە و سەرجەمیان رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.