شارەوانیی ئاکرێ: نزیکەی 100 هەزار کەس بەشدارییان لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە شارەکەمان کرد


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاشکرای کرد، دوێنێ زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشداری مەراسیمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزیان لە ئاکرێ کردووە و نزیکەی 500 میوانی بیانی هاتوونەتە ئاکرێ بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکە. دەشڵێت: "لە مەراسیمەکەی دوێنێ نزیکەی 100 تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە."
 
بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە ئاکرێ ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی نەورۆز لە رۆژی 18ی ئادارەوە دەستپێدەکات کە پێشانگای هونەری و فۆلکلۆری دەکرێتەوە و لە رۆژی 20ی ئاداریش ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
 
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ گوتی: "لە مەراسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە ئاکرێ زیاتر لە 100 هەزار کەس سەردانی شارەکەیان کردووە بۆ بەشداریکرن لە مەراسیمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز." 
 
سەبارەت بە میوانی بیانیش، بڵند زێباری گوتی: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو هاتنی میوانی بیانی بۆ شارەکە زیاتر بووە و نزیکەی 500 میوانی بیانی و هاتبوونە ئاکرێ."
 
لەبارەی پاککردنەوەی شارەکە، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژانی ئاساییدا لە ناوەندی شاری ئاکرێ رۆژانە نزیکەی 70 تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە، بەڵام رۆژی رابردوو لەلایەن کۆمپانیای پاککەوانی شارەکەوە کە کاری پاککردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکەی لە ئەستۆیە نزیکەی 100 تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە واتا دوێنێ نزیکەی 30 تۆن زبڵ و خاشاک زیاتر هەبووە.