دوای پشووەکانی نەورۆز هەنگاوەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەستپێدەکات

21-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند، لەدوای پشووی نەورۆزەوە دەست بە رێکارەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەکرێت. دەشڵێت، رێککەوتنەکە بەوشێوەیە کۆمیسیۆن بە پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، ئەو کورسییانەشی، کە بەتاڵن لەلایەن لایەنەکانییانەوە سیڤی بنێردرێت بۆ ئەوەی پڕبکرێنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21-3-2023، سارا دڵشاد چاوشلى، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەکە کە لە 23-12-2019ـەوە بەسەرچووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەیەکی پێنج لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پێکهێنرا بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز، رێکارەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستپێبکات و لەماوەیەکی کەمدا هەوڵدەدەین کۆمیسیۆن کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی دوای ئەوەش یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەمواربکرێتەوە و پەسندبکرێت." 
 
سارا دڵشاد چاوشلى ئاماژەی بەوەدا، بەپێی رێککەوتنی لایەن و هێزە سیاسییەکان پێکهاتەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وەکو ئێستا دەمێنێتەوە، تەنیا ئەوەی دەگۆڕێت کورسییە بەتاڵەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پڕدەکرێتەوە کە ئێستا دوو کورسیی بەتاڵە یەکێکیان کورسیی پێکهاتەی تورکمان و ئەوی دیکەشیان کورسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن راشیگەیاند: "یەکەم هەنگاو بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بریتی دەبێت لە وەرگرتنی سیڤیی ئەو کەسانەی ئەو کورسییانە پڕدەکەنەوە، دەبێت لایەنە سیاسییەکانیان سیڤییەکانیان بۆ لیژنەکەی ئێمە بنێرن، دوای ئەوە پەسند دەکرێت و دەخرێتە بەردەم پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی پێبدات و دواتر کۆمیسیۆن بە پێکهاتەکەیەوە دەست بەکارەکانی بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە؛ (9) ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان سێ ئەندام، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو ئەندام، بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەندام و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان یەک ئەندام و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان یەک ئەندام، هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆن، چواریان پارتی، سێیان یەكێتی، سێیان گۆڕان، یەک یەكگرتوو و یەکێکیان كۆمەڵە.
 
بڕیار بوو 1ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نەتواندرا لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت، ئێستا لایەنەکان نیمچە کۆدەنگییان هەیە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و لەسەر بەشێکی زۆری خاڵە ناکۆکەکانی پێشوو رێککەوتوون، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.