هەوڵی تۆمارکردنی شوێنەوارێکی شارەبان لە یونسکۆ دەدرێت

21-03-2022
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شوێنەوارى زندان لە قەزاى شارەبانی سەر بە پارێزگاى دیالە، دەدرێتە رێکخراوى یونسکۆ بەمەبەستى دانانی وەک پێگەیەکى شوێنەواریى لە لیستی شوێنەوارەکانی رێکخراوەکە، بەرپرسێکى شوێنەوارى دیالە دەڵێت: "مێژووى ئەو شوێنەوارە بۆ سەردەمى ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و تەمەنی 1500 ساڵ دەبێت".
 
ئەحمەد عەبدولجەبار، بەڕێوەبەرى پشکنەرانى شوێنەواری دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ پێشکەشکردنى مامەڵەى شوێنەوارى زندان بۆ رێکخراوى یونسکۆ کۆتایی هاتووە، کە ئامادەکردنى پێگەکە و دۆسیە پەیوەندارەکانێتى و بەمنزیکانە پێشکەشی دەکەن.
 
ئەو شوێنەوارە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى قەزاى شارەبان، کە ناوچەیەکى ناکۆکی لەسەرە لە سنوورى پارێزگاى دیالە.
 
ئەو شوێنە لە خشتی قوڕ دروستکراوە، درێژییەکەى 502 مەتر و پانییەکەى 17 مەتر و بەرزییەکەى 15 مەترە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21ى ئادارى 2022 بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرانى شوێنەوارى دیالە و چەند ناوەندێکى دیکە، ئاهەنگێک بۆ ناساندنى ئەو شوێنەوارە لەو شوێنە کرا.
 
خۆرهەڵاتى ئەو شوێنەوارە 16 قەڵاى بچووکى چاودێری و 14 گۆمەزى تێدایە، لە بەشى رۆژئاواشی گومەزێکى ستوونی و چوار دیوەخانى تێدایە.
 
بەڕێوەبەرى پشکنەرانى شوێنەرانى دیالە دەڵێت: "مێژووى ئەو شوێنەراوە بۆ 1500 ساڵ بەر لە ئێستا و بۆ سەردەمى ساسانیيەکان دەگەڕێتەوە".
 
ئیمپراتۆریەتى ساسانى لە 226 بۆ 651ى زاینى دەسەڵاتى لە ئێران و عێراق و بەشێک لە ئەرمینیا, ئەفغانستان, تورکیا و پاکستان هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە