پێشمەرگەیەکی خانەنشین لە بەردەم بانکی سۆران بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد

21-03-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەکشەممە پێشمەرگەیەکی خانەنشین بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەی مانگانەی دەچێتە بانکی خانەنشینیی سۆران، بەڵام "بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی دەکات."
 
عومەر داروسەلامی، جێگری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12ی رۆژی یەکشەممە 20-3-2022 ئەحمەد عەزیز کە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەکەیانە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانەی سەردانی بانک دەکات و "لە کاتی گەیشتن باری تەندروستی تێکدەچێت و دەڕشێتەوە و دەیگەیێننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران و گیان لەدەستدەدات."
 
خدر عەزیز برای ئەحمەد عەزیزە و لەگەڵ براکەی چووەتە بانک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نوێژی بەیانی بەڕێکەوتین بەرەو بانک. نزیکەی سێ کاژێر لە نۆرە دابووین. قەرەباڵخییەکی زۆر هەبوو و براکەم گوتی قەلبم تێکچووە".
 
بەگوتەی خدر عەزیز کە براکەیان گەیاندە نەخۆشخانە، دوای چەند خولەکێک گیانی لەدەستدا. 
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەدایکبووی ساڵی 1964ـه و براکەی دەشڵێت، لەکاتی چوونیان بۆ بانک هیچ کێشەیەکی نەبووە.
 
لە سلێمانیش رۆژی یەکشەممە دوو پیاوی خانەنشین لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لە دەستدا، چەندین ژن و پیاوی دیکەش لە هۆش خۆچوون، دوای نۆرەیەکی دوور و درێژ نیوەی خانەنشینەکان هەر مووچەیان وەرنەگرت، چونکە بانک پارەی تێدا نەما.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە