تۆپخانەکانى تورکیا ناوچەیەکی ناحیەی باتیفا تۆپباران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تۆپخانەکانى تورکیا چوار گولـلەتۆپ ئاراستەى ناوچەیەک لە نزیک گوندى بانکابنى لە سنوورى ناحیەی باتیفا سەر بە قەزای زاخۆ دەکەن، قایمقامی قەزای زاخۆ دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ئەوەى زانراوە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە".
دلشێر عەبدولستار، قایمقامى قەزای زاخۆ بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوار تۆپ لە نزیک گوندى بانکابنى کەوتوونەتە خوارەوە، لەو کاتەدا خەڵکى ئەو گوندە چووبوونە دەرەوە، بەهۆى ئەو تۆپبارانکردنە چەند خێزانێک ناوچەکەیان جێهێشتووە".
هەروەها لەبارەی زیانەکان، قایمقامى قەزای زاخۆ بەوەکالەت رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئەوەى زانراوە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، بەڵام ترس و دڵەراوکێی بۆ خەڵکى ناوچەکە دروستکردووە".
حەکیم غازى، دانیشتوویەکی گوندی بانکابنی بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا تۆپخانەکانى تورکیا چوار گولـلەتۆپ ئاراستەى دەوروبەری گوندى بانکابنى لە سنوورى ناحیەیى باتیفا کرد، بەهۆى ئەو تۆبپارانە سەیرانکەران کە کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە نزیک گووندەکە بوون شڵەژان و رایانکرد بەو هۆیەوە، تاوەکو ئێستا چەند مندالێک ونبوون".