قەرەجەكان: كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنمان پێدەدەن و دواتر لێمان ناپرسنەوە
رووداو-هەولێر
لە بەرنامەیەی ئەمشەوی (لەگەڵ رەنج) ی (تۆڕی میدیایی رووداو) قەرەجەكان باس لەوە دەكەن، كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان حیزبەكان بەڵێنی باشبوونی ژیان و گوزەرانیان پێدەدەن، بەڵام دواتر لێیان ناپرسنەوە.
ئەڵقەی ئەمجارەی بەرنامەکە، كە تایبەتە بە ژیان و گوزەرانی قەرەجەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان و بڕیارە كاژێر 9.5خولەكی ئەمشەو پێشكەشبكرێت، تێیدا قەرەجەكانی هەرێمی كوردستان داوادەكەن، وەكو هەموو كەسێكی ئاسایی ماف و ژیانیان هەبێت و گلەیی ئەوەش دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا پشتگوێخراون.
سۆران سەعید، كە وەك نوێنەری وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بەشداری بەرنامەكەی كردووە، باس لەوە دەكات، قەرەجەكان وەكو هەموو خەڵكی ئاسایی هەرێمی كوردستان دەتوانن سوود لە پڕۆژەكانی ئەوان وەربگرن.