رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە، 30 گەشتی پلان بۆ داڕێژراو لە نێوان ئامەد- ئیستەنبووڵ و ئیستەنبووڵ- ئامەد هەڵوەشایەوە.
هێڵی ئاسمانی تورکیا و کۆمپانیاکانی دیکەی هێڵی ئاسمانی رایانگەیاند، بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوای ئیستەنبووڵ زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندراونەتەوە. بەم پێیە گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ئامەد- ئیستەنبووڵ و ئیستەنبووڵ- ئامەد تاوەکو 23ـی شوبات هەڵوەشێندراونەتەوە.
کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا رایانگەیاند، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، سەرنشینەکان دەتوانن بلیتەکانیان بگۆڕن یان بیگەڕێننەوە. کاربەدەستان رایانگەیاندووە، رەنگە هەڵوەشاندنەوەی نوێ هەبێت بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا، بۆیە پێویستە سەرنشینەکان بەدواداچوون بۆ زانیارییەکانی گەشتەکانیان بکەن.
هەندێک لە سەرنشینەکان لە سۆشیاڵ میدیا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و گۆڕینی بلیتەکان دەربڕی. رەخنەیان لەوە گرتووە گۆڕانکاری لە بلیتەکاندا بەشێوەیەکی پێویست نەکراوە و هەڵوەشاندنەوەی بلیتەکان درەنگ راگەیێندراوە، هەروەها هێشتا بلیت بۆ هەندێک گەشت دەفرۆشرێت.
شارەزایانی کەشناسی هۆشداری دەدەن، کە بەفربارین بەردەوام دەبێت، ئەوەش مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان زیاتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ