رووداو دیجیتاڵ
سێ کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و بانگەشەکردن بۆی لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شرنەخ و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە و بە بڕیاری دادگا، تیمەکانی سەر بە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سێ کەسیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە شارۆچکەی جزیرێ دەستگیر کرد.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی ئەندامێتی و پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە و هاوکاریکردنی دەستگیرکراون. جەخت لەوەش کراوەتەوە، لەکاتی پشکنینی شوێنەکانیان، ژمارەیەک ئامێری دیجیتاڵی و بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و پۆستەری کەسایەتی و ئاڵای پەکەکە دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی تەندروستی بۆیان، رەوانەی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ