پێکهاتەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ کورد و عەرەب کۆدەنگن


رووداو دیجیتاڵ

لەسەر پرسی کەرکووک و پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگاکە، سەرکردەی لایەنەکانی کورد و تورکمان و عەرەب لە بەغدا کۆبوونەوە.
 
رووداو زانیویەتی لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، ئەوە یەکلابووەتەوە کە راکان جبووری ناکرێتەوە پارێزگار، سیناریۆی دوو ساڵ پۆستی پارێزگار بۆ کورد و دوو ساڵی دیکە بۆ عەرەب، کۆدەنگی لەسەر بووە، بە مەرجی دابەشکردنی پۆستەکانی دیکە لەنێوان پێکهاتەکان.
 
کۆبوونەوەکەی بەغدا لەکاتێکدا کرا، بۆ یەکەمجار لە کەرکووکیش ئەندامانی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیان لەسەر خوانێک لە ماڵی شێخ ئەنوەر عاسی کۆبوونەوە.
 
رەعد ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "کۆبوونەوەکەی هەولێر گواسترایەوە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بە ئامادەبوونی سەرجەم پێکهاتەکان و لایەنەکان، پێموایە کۆبوونەوەکە کاژێر 03:00، دەستیپێکرد، عەرەب و تورکمان و کورد بە سەرجەم حیزبەکانەوە ئامادەن لەو کۆبوونەوەیە، سەبارەت بە پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک دەبێ حکومەتێک بێت کۆدەنگی و رەزامەندیی لایەنەکانی لەسەر بێت، نامانەوێ ناڕازیبوونی هیچ لایەنێکی لەسەربێت."
 
بەپێی بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی لە کەرکووک، هەردوو فراکسیۆنەکە بەیەکەوە وەک یەک تیم دانوستاندن لەگەڵ پێکهاتەکان دەکەن.
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەیەک هەیە لە بەغدا و دڵنیام ئەنجامەکەی باش دەبێت، ئەم دەستپێشخەرییەش لەم بنەماڵە کەرکووکییە، سوپاسیان دەکەین و هەموومان پێکەوە کۆبووینەوە، ئەمە سەرەتایەکی باشە." 
 
بەپێی زانیاریی تایبەت کە دەست رووداو کەوتووە، لە دەرئەنجامی لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی کەرکووک، بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکان بکرێت.