فرۆشی کەلوپەلی ستۆک، دەستی دوو و براندەکان لە سنە قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری کۆمیسیونی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و دراوی پارێزگای سنە رایگەیاند، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل چالاکیی زیاتر لە 125 براند و مارکەی لە ئێراندا قەدەخە کردووە و هەروەها ستۆک فرۆشییەکانی شاری سنەش کۆدەکرێنەوە.
عەلی خوداوەیسی، سکرتێری کۆمیسیونی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و دراوی پارێزگای سنە، رۆژی سێشەممە، 20-02-2024، رایگەیاند، لەو 125 براندەی لە هەموو ئێراندا دەستنیشان کراون و دەبێت بەرهەمەکانیان کۆبکرێنەوە، شەش براندیان لە شاری سنەن، بۆ نموونە براندەکانی H&M، ئادیداس و زارا، کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی و بازرگانیی رێگری لە چالاکییەکانیان بکات.
عەلی خوداوەیسی دەڵێت، ستۆک فرۆشییەکانی شاری سنەش دەبێت تاوەکو دوو هەفتەی دیکە چالاکییەکانیان رابگرن. هۆکاری داخستنی دووکانە فرۆشیارەکانی کەلوپەلی ستۆک و دەستی دووی گەڕاندووەتەوە بۆ لایەنی "تەندروستیی و بایوتیرۆریزم".
خوداوەیسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگای سنە و بەتایبەت لە ناوەندی شار "مۆڵەت بە هیچ دووکانێک نەدراوە کەلوپەلی ستۆک بفرۆشن و یان براندەکان مۆڵەتیان پێنەدراوە تابلۆ هەڵواسن، بۆیە فرۆشی ئەو کەلوپەلانە وەک قاچاخ لە قەڵەم دەدرێن و دەبێت دابخرێن".
بازاڕی تاناکۆرا یان کۆنەفرۆشی شاری سنە، بازاڕێکی گەورەیە و لەبەرئەوەی هەندێجار نرخیان لە بازاڕ کەمترە و خەڵک پێیان وایە کوالێتی کەلوپەلەکانیان لە بەرهەمە ناوخۆییەکان باشترە، کڕیاری زۆریان هەیە.
چەند ساڵێکە حکومەتی ئێران بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردە و فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەی قەدەخە کردووە کەوا نموونەیان لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەم دێن.