لە ورمێ ژنێک دوای دزرانی زێڕەکانی کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

لە شەقامی سنتۆی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ژنەکە دوای دزرانی زێڕەکانی کوژراوە.
 
عەمید سادق شوکری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-02-2024) رایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە شەقامی سنتۆی شاری ورمێ، کە ناسنامەکەی هێشتا دیار نییە، پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکرد.
 
سادق شوکری گوتی "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی شاری ورمێوە دەستبەسەر کرا، کە دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا نا، ژنەکە لەلایەن ئەوەوە کوژراوە."
 
بە گوتەی شوکری "تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە، کە بەمەبەستی دزینی زێڕەکانی، ئەو ژنەی کوشتووە." بەڵام ئاشکرای نەکرد بەدیاریکراوی ژنەکە چەند زێڕی پێوەبووە، کە بەهۆیەوە کوژراوە.  
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ گوتیشی، تۆمەتبارەکە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی داد لە شاری ورمێ کراوە.