یەکەمین فێستیڤاڵی وەزرشیی زانکۆکانی سنە و هەڵەبجە لە سنە دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وەزرشیی زانکۆکانی سنە و هەڵەبجە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنە بەڕێوەدەچێت و لە شەوی سیشەممە، 20ی شوباتی 2024ـەوە دەستیپێکردووە و رۆژی هەینی، 23ی شوباتی 2024 کۆتایی دێت.
 
بەشداربووەکان لە چەندین بەشی جیاوازەوە وەک فوتسال، بالە، بەدمینتۆن و تێنسی سەر مێز، رکابەری یەکتر دەکەن.
 
حامید قادرزادە، سەرۆکی زانکۆی کوردستانی سنە لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵە و ئەو جۆرە چالاکییە وەرزشییانە دەبنە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ و خوێندکارانی هەردوو لایەن.
 
حامید قادرزادە هیوای ئەوەشی خواست کە ئەو جۆرە چالاکییانە لەنێوان زانکۆکانی پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و گوتی: "هیوادارین ئەم پێشبڕکێیە هەنگاوێکی ئەرێنی بێت بۆ دۆستایەتیی نێوان زانکۆی کوردستان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە."
 
زانکۆی هەڵەبجە یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2011 لە پارێزگای هەڵەبجە دامەزراوە. زانکۆکە پێکهاتووە لە شەش کۆلێژی زانست، زانستە مرۆییەکان، پەروەردەی بنەڕەتی، پەروەردەی وەرزشی و زانستە وەرزشییەکان، یاسا و کارگێڕی، پەروەردەی شارەزوور و بەشی ئەندازیاری. 
 
زانکۆی کوردستان لە سنە یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی ئێران لە پارێزگای سنە و ئێستا زیاتر لە  10 هەزار خوێندکاری ھەیە. زانکۆکە لە حەوت کۆلێژی زانست، زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، کشتوکاڵ، سەرچاوە سروشتییەکان، ئەندازیاری، وێژە و زمانە بیانییەکان، ھونەر و تەلارسازی پێکهاتووە.
 
لە ساڵی 2015 لەم زانکۆیەدا بۆ یەکەمجار لە ئێران بەشی ئەدەبیاتی کوردی بە وەرگرتنی 30 خوێندکار کرایەوە.