رووداوێکی هاتووچۆ لە کرماشان گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 7ـی دیکەی لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشان، کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
مەسعود میحنەتی، قایمقامی شاری داڵاهوی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەی پاتاق-داڵاهو و لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری دنا و پیجۆ 207دا بووە.
 
میحنەتی گوتی، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوتەی قایمقامی داڵاهو، لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە. دەشڵێت، بریندارانی رووداوەکە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی شاری سەرپێل زەهاو گوێزراونەتەوە.
 
شاری داڵاهو دەکەوێتە 100 کیلۆمەتری رۆژئاوای شاری کرماشان و بە پێی سەرژمێری فەرمیی ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 40 هەزار کەسە.