داوا لە وەزیری تەندروستیی عێراق دەکرێت پشکنینی (DNA) بۆ 171 رووفاتی ئەنفالکراوان بکرێت

21-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی نوێنەری گەرمیان داوا لە وەزیری تەندروستیی عێراق دەکات پشکنینی (DNA) بۆ 171 رووفاتی ئەنفالکراوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە بکرێت و بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان کە زیاتر لە سێ ساڵە دۆزراونەتەوە و دەرهێنراون، داواش دەکات رێکخراوێکی تایبەتمەندی ئەو بوارە بەشداریی پشکنینەکان بکات. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانیش دەڵێت، بەهۆی سکاڵای کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە رووفاتەکان نەهێنراوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 21-2-2023، کاروان یاروەیس، نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی رووفاتی 171 ئەنفالکراو، رایگەیاند: "بە نووسراوێکی فەرمی داوام لە وەزیری تەندروستیی عێراق کردووە ئەو رووفاتە پێش هێنانەوەیان پشکنینی (DNA)یان بۆ بکرێت و پاشان بهێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەوەی بناسرێنەوە."
 
ئەو 171 رووفاتە لە ساڵی 2019ـەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دەرهێنراون. کاروان یاروەیس دەڵێت: "ئەوانە رووفاتی پیرۆزی خەڵکی گوندەکانی کەلار و رزگاریین، ئێستا لە دادپزیشکی بەغدان. ساڵی 2022 ئێمە ئاگادارکراینەوە فەرمانگەی دادپزیشکی تەرم و رووفاتێکی زۆری تێدایە و داوایان لێکردین پەلەبکەین لە بردنەوەی ئەو رووفاتانە."
 
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی هێنانەوەی رووفاتەکانیش، دەڵێت: "دوو رای جیاواز هەبوو، یەکێکیان ئەوە بوو کە رێوڕەسمی بۆ بکرێت و بنێژرێن، بۆچوونێکی دیکە هەبوو کە ئێمە لەگەڵی بووین و پێمانوابوو دەبێت پشکنینی دی ئێن ئەی(DNA)یان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە و کەسوکارییان بدۆزرێنەوە." گوتیشی: "جگە لەوەش پشکنینەکە بەڵگەیەکی گرنگە بۆ ئایندە و پڕۆسەی بە دیۆکیۆمێنتکردن لە چوارچێوەی بایەخدان بە پرسی ئەنفال کە پرسێکی نەتەوەیی و مرۆییە."
 
سەبارەت بە کاتی هێنانەوەی رووفاتەکانیش، کاروان یاروەیس روونیکردەوە: "ئێمە لەسەر هێڵین و لەگەڵ هەموو پەرلەمانتاران و نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی رووفاتەکان پشکنینیان بۆ بکرێت و بهێنرێنەوە. داوامانکردووە رێکخراوی ICMP بێتە نێو پڕۆسەکەوە بۆ ئەنجامدانی دی ئێن ئەی، چونکە ئەو رێکخراوە بۆ داهاتوو کاریگەرییان دەبێت و لە پرسی بە دیۆکیۆمێنتکردن جێ بایەخ دەبن."
 
لە مانگی ئاداری ساڵی 2019، سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دۆزرانەوە و لە مانگی تەممووزی ئەو ساڵەدا هەڵدرانەوە، یەکێک لە گۆڕەکان 171 رووفاتی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیانە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن، 74یان منداڵ و 97یان ژن بوون.
 
عادل ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەکو رووفاتەکانی دیکە هەموو رێکارێکمان گرتەبەر بۆ ئەوەی بەباشترین شێواز پشکنینیان بۆ بکرێت و بەڕێزەوە بهێنرێنەوە و کارەکان تەواو بووبوون، بەڵام لەلایەن بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە لە بەغدا سکاڵا کرا و داوایانکرد پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت، بۆیە دادگە رایگرت."
 
ئەنفال، ناوی ئەو شاڵاوەیە کە حکومەتی بەعس لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە عێراق دژ بە کوردستانییان بە هەشت قۆناخ جێبەجێی کرد، زیاتر لە 182 هەزار کورد زیندەبەچاڵکران کە بەشێکیان ژن و منداڵن بوون، دوای زیاتر لە 18 ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، هێشتا تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.