شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەڕایەوە هەولێر: گفتوگۆکان بەردەوام دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

 

شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا، ئەمڕۆ گەڕایەوە هەولێر، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ "تا گەیشتن بە چارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی یاسای نەوت و غاز و پرۆژەیاسای بودجە، گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن".
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی حکومەتە دەڵێت لە سەردانە دوو رۆژییەکەیان بۆ بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەربارەی یاسای نەوت و گاز، هەروەها لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دەربارەی یاسای بودجە کۆبوونەتەوە.
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەلینا رومانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکاش لە عێراق و عەتوان ئەلعەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە.
 
سەبارەت بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح، رایگەیاند "گفتوگۆی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت تاوەکو گەیشتن بەچارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت یاسای نەوت و گاز و پرۆژەیاسای بودجە". 
 
رۆژی یەکشەممە 19ـی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی. 
 
ئەمە دووەم سەردانی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا لەم مانگەدا. هەمان شاند لە 11-02-2023 سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد.

  

بەردەوامیی گفتوگۆکان لەکاتێکدان کە پشکى هەرێمى کوردستان و ناجێگیریی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار، ناردنى پڕۆژەیاسای بوجەى 2023ـیان لە وەزارەتى داراییەوە بۆ حکومەت و لەوێوە بۆ پەرلەمان، دواخستووە. 
 
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبوو بەر لە دەستپێکی ساڵى 2023 رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى بودجە بکرایە، بەڵام بڕیاری دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەدژى ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان، بە یەکێک لە بەربەستە یاساییەکانى بەردەم رێککەوتن لەو بوارەدا دادەنرێت، کە پێویستی بە چارەسەرە.
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 20-02-2023، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە و رایگەیاندووە: "پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمانی عێراق".
 
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە ساڵانە تاوەکو 15ـی مانگی 10، پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق و، هەرچەندە 4 مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە، تائێستا حکومەتی عێراق پڕۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە. 
 
ئەمانە لەکاتێکدان حکومەتى عێراق ساڵى 2022ـی بێ بودجە تێپەڕاند و پشتى بە خەرجکردنى یەک لەسەر 12ـی بودجەى 2021 و بودجەى یاساى پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان بەست، کە 25 تریلیۆن دینار بوو.
 
دوایین پرۆژەیاساى بودجە لە عێراق کە پەرلەمان پەسندی کردبێت، لە ساڵى 2021 بوو کە بڕەکەى 130 تریلیۆن دینار بوو.