وەزارەتی دارایی: هەرکەسێک قەرز نەگەڕێنێتەوە دەست بەسەر موڵکەکەیدا دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، ساڵی 2022 نزیکەی 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانکاریی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، هەندێک لە پارەکە بە کاش وەرگیراوەتەوە و هەندێکیان دەستبەسەر ئەو موڵکانەدا دەگیرێت کە پێشتر بازرگانەکان بۆ وەرگرتنی قەرز لای حکومەت بە بارمتە دانرابوون. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21-2-2023، هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ زیادکردنی داهات، نزیکەی 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، هەندێک لە پارەکە بە کاش وەرگیراوەتەوە و هەندێکیان دەست بەسەر ئەو موڵکانەدا دەگیرێت کە پێشتر بازرگانەکان بۆ وەرگرتنی قەرز لە حکومەت بە بارمتە دایاننابوو." 
 
هونەر جەمال گوتی، "رێکارە یاساییەکان بۆ تەملیککرنی ئەو موڵکانە بەردەوامە کە لەلایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لەکاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانکاری لە رێی بانکەکانەوە وەک بارمتە دانراوە." 
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە 375 ملیار و 444 ملیۆن و 189 هەزار دینارە، بەهۆی دواکەوتنی قەرزەکەوە 658 ملیار و 63 ملیۆن و 820 هەزار دینار زیادەی چووەتە سەر.
 
وەک بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت "لە دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی 17 ملیار و 743 ملیۆن و 967 هەزار دینار بە شێوەی نەقد گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە یەک ترلیۆن و 15 ملیار و 764 ملیۆن و 42 هەزار دینارە." 
 
هونەر جەمال ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی دارایی لە رێی بانکەکانەوە دەستیکردووە بە تەملیککردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بە بارمتە دانراون و لەو چوارچێوەیەشدا بایی 34 ملیار و 153 ملیۆن و 80 هەزار دینار موڵکی بەبارمتە دانراو، فرۆشراوە و 7 موڵکی نوێش لەسەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمارکراون.