رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زمانی کوردی لە دهۆک دەڵێت، قوتابییانی بادینان لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو دەخوێنن، "بەڵام کە دەگەنە پۆلی 12 خوێندنیان دەبێت بە شێوەزاری سۆرانی و ئەوەش ستەمێکی گەورەیە لەو قوتابییانە".
رۆژی سێشەممە، 21ـی شوباتی 2023، دەرباز مستەفا، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لەدوای راپەڕینەوە دەرفەتی زیاتر بۆ کورد لە باشووری کوردستان رەخسا بۆ ئەوەی پەرە بە خوێندن بە زمانی دایک بدەن. لە ناوچەی بادینانیش پەرە بە خوێندن بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو درا و ئەوەش وایکردووە قوتابییانی ئەم ناوچەیە زیاتر لە نێوەڕۆکی وانەکان تێبگەن و ئاستی زانستییان بەرەوپێش ببەن".
دەرباز مستەفا پێیوایە، "خوێندن بە زمانی کوردی و میدیاش لەپاڵیدا دەتوانن رێگەخۆشکەربن بۆ ئەوەی زمانی کوردی هەنگاوی زیاتر بەرەوپێش بنێت".
وەکو ئەو نووسەرە ئاماژەی پێدەدات: "لەگەڵ بەرەپێشچوونی زمان لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک کەموکوڕی هەبوون کە دەبوایە چارەسەرکرابان، بەڵام لەو کتێبانەی وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانەکان چاپی کردوون، بەتایبەت لە شێوەزاری کورمانجی سەروودا چاپکراوەکانی دوای 2020 هەڵەی داڕشتن و رێزمانی یەکجار زۆریان تێدایە بەراورد بە چاپکراوەکانی پێش ساڵی 2020 و کاتێک قوتابییان پرسیارم لێدەکەن، من کە پسپۆڕییم لە زماندا هەیە لە دەقەکە تێناگەم".
لەبارەی یەکخستنەوەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی و دروستکردنی زمانی ستاندارد، دەرباز مستەفا گوتی: "ئێمە دەبێت زمانێکی ستانداردی کوردیمان هەبێت. پێویستە هەر تاکێکی کورمانجی، سۆرانی باش بزانێت و بە پێچەوانەشەوە تاکی سۆرانی، کورمانجی بزانێت. ئەوە هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستبوونی ئەو زمانە ستانداردە و لە هەنگاوی دووەمدا دەبێ کار بۆ تێکەڵکردنی ئەو شێوەزارانە لەسەر بنەمایەکی زانستی بکرێت و زمانێکی سادە و سانای لێ دروستبکرێت بۆ ئەوەی قوتابی لێی تێبگات".
دەرباز مستەفا دەڵێت، لە بادینان قوتابییان لە یەکی بنەڕەتییەوە بە شێوەزاری کورمانجی دەخوێنن تاوەکو پۆلی 11، بەڵام کاتێک دەچنە پۆلی 12 خوێندنیان دەبێتە سۆرانی کە ئەمە "ستەمێکی گەورەیە" لە قوتابییەکان لەبەر ئەوەی چارەنووسی قوتابی لە پۆلی 12 دیاری دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ