رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک رایگەیاند، لەناو پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک 13 شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە مێژووی هەندێکیان بۆ نزیکەی چوار هەزار و 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە. دەشڵێت، لەگەڵ کارگێڕی پڕۆژەکە هاوئاهەنگییان کردووە لەکاتی دروستکردنی فڕۆکەخانەکە ئەم شوێنەوارانە تێکنەدەن.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "ئەم شوێنەوارانە لە ناوچەی موقبلێ کە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆکی تێدا جێبەجێدەکرێت، دۆزراونەتەوە و ژمارەیان 13 شوێنەوارە کە پێکهاتوون لە پارچەی شوێنەواری و بیناسازی.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، مێژووی هەندێک لەو شوێنەوارانە بۆ 4500 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە.
سەبارەت بە جۆری شوێنەوارەکانیش، د. بێکەس بریفکانی دەڵێت: "لەناو شوێنەوارەکاندا پەرستگەیەکی میتانییەکان دۆزراوەتەوە، کە بۆ یەکەمجارە ئەم جۆرە پەرستگەیە لە دەرەوەی شاری گەورەی میتانیی بدۆزرێتەوە. پەرستگەکە بەشێوەیەکی لاکێشەیی دروستکراوە و لە ناوەڕاستەکەی ئاگردانێک هەیە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی هەزار و 550 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە."
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک گوتیشی: "کۆڵین و گەڕان بەدوای شوێنەوارەکانمان بە هاوکاری زانکۆی فرایبۆرگی ئەڵمانی کراوە، کە لە ساڵی 2021 گرێبەستمان لەگەڵ کردوون، ئەو شوێنەوارانەی لە ماوەی سێ ساڵدا دۆزیومانەتەوە، 13یان دەکەونە سنووری پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک."
د. بێکەس بریفکانی بەدووری دەزانێت ئەم شوێنەوارانە رێگربن لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی فڕۆکەخانەکە و پێیوایە، شوێنەوارەکان ناکەونە ئەو شوێنانەی هێڵی فڕۆکەخانە و باڵەخانەکانی لەسەر دروستدەکرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک گوتی، هاوئاهانگییەکی باشیان لەگەڵ کارگێڕی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دهۆک هەیە و چەند نووسراوێکیان ئاراستەکردوون بۆ دەستنیشانکردنی جێگەی ئەو شوێنەوارانە بۆ ئەوەی تێکنەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ