بەرپرسێکی رەوتی سەدر: ئێستا عێراق لە ئێران و ئەفغانستان گرنگترە بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر

21-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ژینگەی عێراق لە وڵاتانی وەکو ئێکوادۆر، بەرازیل، ئێران و ئەفغانستان زیاتر جێ بایەخە بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەر. پسپۆڕێکی ماددە هۆشبەرەکانیش دەڵێت: "عێراق بووەتە بازاڕێکی گەورە بۆ ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لەکاتێکدا پێشتر شوێنی پەڕینەوەی بوو."
 
حاکم زاملی، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێکە لە بەرپرسانی رەوتی سەدر لەبارەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە لە عێراق لە نووسینێکدا دەڵێت: "دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوە و رێگری لە ماددەی هۆشبەر و بڵابوونەوەی کە کەوتوونەتە گیانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە کەمتەرخەمن، لەساڵی 1970 تاوەکو ساڵی 1991 تەنیا دوو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق هەبوون."
 
حاکم زاملی پیێوایە زۆرینەی ئەو تاوانانەی لە کۆمەڵگە روودەدات لەوانە رفاندن، دزین، کوشتن، سێکسی نامەحرەم، دەستدرێژیی سێکسی، خۆکوشتن و زۆر لە کێشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی عێراق، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە. 
 
بەرپرسەکەی رەوتی سەدر دەڵێت: "ئیستا عێراق هەڕەشەیە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بەرتیل". دەشڵێت: "ژینگەی عێراق بەداخەوە زۆر سەرنجڕاکێشترە لە وڵاتانی ئێکوادۆر و بەرازیل و ئێران و ئەفغانستان بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر."
 
حاکم زاملی، کە لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 لەسەر فراکسیۆنی سەدرییەکان بوو بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای بڕیارێکی موقتەدا سەدر خۆی و هاوڕێیەکانی لە پەرلەمان کشانەوە، لە نووسینەکەی ئاماژەی بە چەند ئامارێک داوە و دەڵێت: "لەساڵی 2022دا 16 هەزار و 561 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون، لەو ساڵەدا نیو ملیۆن تۆن ماددەی هۆشبەر و  15 ملیۆن دەنک حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، 520 کەسیش لەوانەی دەستگیرکراون تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە، 250 ئافرەت دەستگیرکراون. 7898 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە سزا دراون."
 
حاکم زاملی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بەپێی داتا و زانیارییە وردەکانی تایبەت بە کەیسی ماددەی هۆشبەر، ژمارەیەک لە هێزەکان و کارمەندانی دەزگە ئەمنییەکان لەگەڵ تاوانبارانی ماددەی هۆشبەر رێککەوتوون بۆ ئەوەی بازرگان بکەن بە بەکارهێنەر و کاخەزەکان بگۆڕن و هەندێکیش دەبنە پارێزگاریان.
 
بە گوتەی حاکم زاملی: "بەشێک لە ماددەی هۆشبەر بەو ئۆتۆمبێلانە دەگوازرێتەوە، کە رێگەپێدان و باجی حکومەتیان هەیە و خاوەنەکانیان ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان یان ئەفسەر و بەرپرسانن، هەمووانیش دەزانن شارەکانی عەمارە و بەسرە و ئەنبار و دیالە و هەرێمی کوردستان لە دەروازە سەرەکییەکانی هاتنی ماددەی هۆشبەرن بۆ نێو عێراق."
 
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشداریی دەدات لەوەی ئەگەر ئیرادەیەکی راستەقینە لەلایەن هەمووانەوە نەبێت و ئەو دۆسییەیە نەدرێتە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەوا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی هەیە کە بە گوتەی ئەو ئێستا گەیشتووەتە زانکۆ و قوتابخانەکان و تەنانەت دامەزراوەی سەربازی و ماڵەکانیش.
 
عەلی حەبیب، کە چالاکڤانێکی عێراقییە و کار لەسەر پرسی ماددەی هۆشبەر دەکات، رۆژی سێشەممە، 21-2-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ساڵی 2003 عێراق لەو وڵاتانەبوو کە رێڕەو بوو بۆ تێپەڕبوونی ماددەی هۆشبەر، بەڵام دوای 2015 بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بڵاوبووەوە، چونکە رێکخراوە تیرۆریستییەکان ماددەی هۆشبەریان دەهێنایە نێو عێراق و دەیاندا بە چەکدارەکانیان، دواتر عێراق بوو بە وڵاتێکی بەکاربەری ماددەی هۆشبەر بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو."
 
سەبارەت بە سەرچاوەکانی ماددەی هۆشبەریشەوە روونیکردەوە: "ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان و ئێرانەوە دێتە نێو عێراقەوە، واتە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی عێراقەوە دێت و بە بڕێکی زۆر دێت، گەنجان لەنێوان 12 تاوەکو 25 ساڵی بەپلەی یەک کردووەتە ئامانج و تاوەکو 35 ساڵیش، ئیستا لە بەشێک لە کافتیریاکان بڵاوبووەتەوە."
 
لەبارەی ئامارەکانیشەوە دەڵێت: "لەماوەی دوو ساڵدا 35 هەزار کەس دەستگیراون لەوانەی کە بازرگانن و ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بەڵام ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە، چونکە ژمارەیەک دامەزراوەی دیکە هەن کە بەکارهێنەران دەستگیر دەکەن."
 
ئەو چالاکوانەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەشڵێت: "هۆشیاریی زۆر کەمە، نەخۆشخانە کەمە، بەڵام رێژەی بەکارهێنەران زۆرن و بەش ناکات، لانیکەم پێویستمان بە چوار نەخۆشخانەی دیکە هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.