دەمیرتاش داوای ئازادکردنی دەکات ئەگەر بە کاتیش بێت

21-02-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاشکرای دەکات، دوای شەش ساڵ و نیو زیندانیکردنی، بۆ یەکەمجار لە رێگەی دادگەوە داوای ئازادکردنی کردووە و دەشڵێت، "داوامکردووە ئەگەر کاتیش بێت ئازاد بکرێم." 
 
سەلاحەددین دەمیرتاش لە رێگەی ماڵپەری فەرمیی خۆیەوە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهاتی بوومەلەرزەکان و سیاسەتی ناوخۆ قسەی کرد و رایگەیاند، "رۆژی 6ی شوبات لە رێگەی تەلەڤزیۆنەکانەوە هەواڵی روودانی بوومەلەرزەکانم زانی، دەسبەجێ لە رێگەی پارێزەرەکانمەوە نووسراوێکم پێشکێشی دادگە کرد و دوای شەش ساڵ و نیو مانەوە لە زیندان، داوای ئازادکردنم کرد. جەختم لەوەشکردەوە، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، ئازادم بکەن."
 
دەمیرتاش لەبارەی داوای ئازادکردنییەوە رایگەیاند، "داوامکرد، بەڵام وەک چۆن دادوەری نەماوە، ویژدانیش نەماوە، گەنیوە. هەزاران زیندانیکراو دڵگرانن بەم بوومەلەرزانە و نیگەرانن لە چارەنووسی کەسوکارەکانیان و بێچارەن، نازانن چی بکەن و دەستەوسان ماونەتەوە." 
 
دەمیرتاش باس لەوەش دەکات، هاوئاهەنگی و دەست لەناو دەستی خەڵکی و شانبەشان کارکردنیان بەبێ جیاوازیی رەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی و بیروباوەڕەکان مایەی دڵخۆشییە. دەشڵێت، "دەسەڵات ماوەی 21 ساڵ بەشێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو لەپێناو چاندنی رق و کینە و جیاکاری و دوژمنایەتیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان، بەڵام ئەوەمان بۆ دەرکەوت، سیاسەتڤانان نەیانتوانی گیانی تەبایی و هاوئاهەنگی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکان دروستبکەن، کەچی رووداوێکی سروشتیی رێگەی خۆشکرد، هەموو گەل پێکەوە وەک یەک گیان و یەک جەستە پێکەوەبن و هەنگاو بۆ رزگارکردنی هاوشار و هاونیشتمانیان بدەن."    
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیدی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت یان نەکرێت، گەل بڕیاری کۆتایی خۆیداوە و چیدی بەرگەی ستەم ناگرێت و کۆتایی بە هەموو نەهامەتییەکانی دەهێنێت. دەسەڵات ئێستا هەڕەشە دەکات، بەوەی دوای هێوربوونەوەی دۆخی بوومەلەرزەکان، لێپێچینەوە لەگەڵ زۆر لەو کەسانە دەکرێت بەپاساوی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ترساندنی خەڵک، بەڵام پێچەوانەی راستە، دەسەڵات دەترسێت و باش دەزانێت لەمەودوا هەرچییەک بکات لە دەسەڵات نامێنێتەوە و گەل بۆ هەمیشە بەڕێیان دەکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە