هۆکاری راگرتنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە لقی هەولێری RT بانک


رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ئیقلیمی بازرگانی - (RT) رایدەگەیێنێت، پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە سەرجەم خاڵەکانی لقی هەولێری بانکەکە لە رۆژی سێشەممەوە رادەگیرێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، راگرتنەکە بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بووە، بانکەکە ناردنی پارەی بۆ پێدان بە گەشتیاران راگرتووە.
 
بانکی ئیقلیمی بازرگانی (RT) لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە خاڵەکانی بانک رایگەیاند، "دانانی دیناری عێراقی بەمەبەستی کڕینی دۆلار لە لقی هەولێر لە هەموو خاڵەکانی بانک رادەگیرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیاری راگرتنی دۆلار بۆ گەشتیاران بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق بووە، کە جگە لەوەش دۆلاری بۆ بانکەکە راگرتووە.
 
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە پێشتر پارەکە لەلای ئەوان بە گەشتیاران دەدرا، رۆژی سێشەممە، 21-2-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پرسە پەیوەندیی بە ئاڕتی بانکەوە هەیە و دابەشکردنی دۆلار لەلای ئێمە نەماوە و ناشزانین بۆچی راگیراوە."
 
زیاتر لە دوو مانگە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکاندا ناجێگیرە، لە مانگی رابردوو بەهای 100 دۆلار تاوەکو سەرووی 175 هەزار بەرزبووەوە و بانکی ناوەندیی عێراقیش کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، یەکێک لەوانە، فرۆشتنی دۆلارە بە گەشتیاران بە نرخی بانکی ناوەندی.
 
رۆژی دووشەممە 13ـی شوباتی 2023 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا لە فڕۆکەخانە هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بفرۆشرێت، هەر گەشتیارێکیش بتوانێت تاوەکو 7000 هەزار دۆلار بکڕێت. بەشێکی گەشتیاران تەنیا بۆ کڕینی 7000 دۆلارەکە بە بەهای 132 هەزار، دەیانەوێ گەشت بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 19-2-2023، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رێکارە نوێیەکانی پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران راگەیاند. رێكاری نوێی فرۆشتنی دۆلار به‌ گه‌شتیاران له‌ نووسینگه‌ی (RT) بانكی فڕۆكه‌خانه‌ له‌مه‌ودوا به‌م جۆره‌ بوو:
 
1- گه‌شتیار ده‌بێت به‌ر له‌ (24) كاژێر له‌ گه‌شته‌كه‌ی سه‌ردانی نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی (RT) بانك بكات له‌ شه‌قامی 40 مەتریی شاری‌ هه‌ولێر. نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان (پاسپۆرت، ڤیزا و بلیتی فڕۆكه‌) راده‌ست بكات، دواتر بڕی پاره‌ی دیناری عێراقی پێویست راده‌ستی نووسینگه‌ی (RT) بانك ده‌كات و له‌لایه‌ن بانكه‌وه‌ گه‌شتیار پسووڵه‌یه‌كی پێده‌درێت.
 
2- گه‌شتیار له‌كاتی هاتنی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ دوای رادەستکردنی بۆردینگ پاس و پسووڵه‌كه‌، بڕی دۆلاری دیاریكراو وه‌رده‌گرێت به‌ هه‌مان مه‌رجه‌كانی پێشوو.