رووداو لە دیلۆکی باکووری کوردستان؛ نەخۆشیی پێست لەنێو قوربانییانی بوومەلەرزە بڵاوبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دۆخی مرۆیی لە بەشێکی ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە هەژاندوونی، رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت. بەهۆی نەبوونی ئاو و پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی، بەشێکی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە دیلۆک تووشی نەخۆشی پێست بوون. تیمی رووداو بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە چوونەتە هەردوو شارۆچکەی ئیسلاحیە و نوورداخی و دۆخی سەختی ژیانی قوربانییان پێشان دەدەن کە نەخۆشی پێست لەنێویاندا بڵاوبووەتەوە.
 
خەدیجە، تەمەنی تەنیا سێ ساڵە، بەڵام بەو تەمەنە بچووکەیەوە دوای رزگاربوونی لە کارەساتی بوومەلەرزە، چەند رۆژێکە بە دەست خورانی پێستی هەموو جەستەیەوە دەناڵێنێت.
 
خەدیجە بەهۆی نەبوونی ئاو، گەرماو و خۆنەشۆردنەوە، تووشی هەستیاریی پێست بووە. هەستیارییەکەی خەویشی لێ حەرام کردووە. 
 
ئەحلام سەتووف، دایکی خەدیجە دەڵێ "لە دوای بوومەلەرزەکە هیچ خۆمان نەشۆردووە، چونکە هیچ گەرماوێک لێرە نییە. تەنانەت دوور لە رووتان تەوالێتیش نییە، تەنیا کە رۆژ ئاوابوو، دەتوانین دەست بە ئاو بگەیەنین، تاوەکو پیاوەکان و خەڵک نەمانبینن. ئەم منداڵەم شەوان ناتوانێ بخەوێ، چونکە هەر کە سەری دەخاتە سەر سەرین، هەموو گیانی دەخورێت و دەست بە گریان دەکات".
 
خەدیجە تەنیا نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەو چیرۆکی زۆربەی منداڵانی نێو خێوەتەکانی دوای بوومەلەرزەیە، لەوانە نەوەکانی مام محەمەد، کە دایک و باوکیان لە بوومەلەرزە لە نوورداخ لەدەستداوە و لەوکاتەوە نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن.
 
محەمەد فەهد، دانیشتووی نوورداخ دەڵێ "دەستم دەخورێت و ناتوانم خۆم بشۆم. ئاو زۆر کەمە. ئاومان نییە بیخۆینەوە، چۆن خۆمانی پێبشۆین!".
 
محەمەد بەرهووم دانیشتوویەکی دیکەی نوورداخ باسی ئەوە دەکات خێمە، جێگای خۆشووشتنی نییە، وەک دەڵێ "ئاگر لە دەرەوە دەکەینەوە. چی بکەین؟ تەنیا دەتوانین  قژمان لەنێو تەشتدا بشۆین".
 
تیمەکانی حکومەت و ئافاد رۆژانە بە بارهەڵگر بوتڵی ئاوی خواردنەوە بەسەر ئەو خێزانانەی لە ژێر خێمەدان، دابەش دەکەن، بەڵام ئەو بڕەی بەر هەر ماڵێک دەکەوێت، بەشی هەموو کارێکی پێویست ناکات. خەڵک دەتوانن ئەو ئاوەی بەردەستیان تەنیا بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن و جارجاریش پیاوەکان قژیانی پێبشۆن.
 
ئایتان ئاخبالخ، دانیشتوویەکی دیکەی نوورداخە و بەهەمان شێوەی قوربانییانی دیکەی بوومەلەرزە دەڵێ "لەنێو داروپەردوو و زبڵدا تووشی میکرۆب بوومە". کەسێکی دیکە بەناوی لەیلا ئەکبەلک هەر لە نوورداخ دەڵێ "ئێمە، لە نێو پیسی و خاشاکدا دەژین؛ ئاو نییە، سابوون نییە و تاییت نییە، سەرمان هەمووی بووەتە رشک و ئەسپێ. هیچ نییە سەرمانی پێبشۆین".
 
دکتۆر سارا محەمەد لە دوای بوومەلەرزەکەوە لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و وەک خۆبەخش رۆژانە لەم ناوچانە چارەسەری خەڵک دەکات. بە گوتەی ئەو، لەم چەند رۆژەی دواییدا، زۆرترینی ئەوانەی سەردانیان کردووە، بۆ ئەو منداڵانە بوون، کە بەهۆی پیسییەوە تووشی هەستیاریی پێست بوون.
 
دکتۆر سارا دەڵێ "لێرە، هەستیاریی زۆر پەیدابووە. هەستیارییەکی زۆر لە منداڵان پەیدابووە لە هەموویان"، هەروەها باسی ئەوە دەکات خۆشی بەهۆی نەبوونی ئاوەوە لە چوارشەممەی رابردووەوە نەیتوانیوە خۆی بشوات و، دەڵێ "شەوی رابردوو پێیەکانم هێندە دەخوران، هەتا بەیانی نەخەوتووم".
 
دۆخی مرۆیی لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. خەڵک لەو ناوچانە ژیانیان هێندە سەخت بووە، نازانن تووشی چەند کارەساتی دیکە دەبن.