رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بۆ رووداو دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک کۆڵنادەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەر شانیان و "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین."
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-02-2021، حاکم ئازاد خۆشناو، سەرۆکی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەزگای داواکاریی گشتی، دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆ و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی سەروەری یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام ماوەیەکە چەند کەس و لایەنێک دەستیان بە شاڵاوێکی ناڕەوا لە دژی ئەم دەزگایە و ئەندامانی کردووە و، هەوڵدەدەن خەڵکی هەرێمی کوردستان چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا ببەن. لەکاتێکدا دەزگای داواکاری گشتیی وەکو سەربازێکی ون شەو و رۆژ کاردەکات لە پێناو سەرەوەریی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و بەهیچ شێوەیەکیش کۆڵنادەین."
سەرۆکی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە و دەشڵێت "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان."
ئەو راگەیێندراوەی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگەی هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان" بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
شەوی پێنجشەممە، 18-2-2021، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەمان پرس لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات و رێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگە، سەربەخۆیيی دادگەش لە چۆنیەتيی کاری دادگە و دادوەرانەوە دەبینرێت. گوتیشی "دادگە و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆیی خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت".
هەروەها رۆژی 19-02-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".
نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا رایانگەیاند، بە وردی چاودێریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدابووە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای ئازادکردنی ئەو 5 هاونیشتمانییەی بادینانی کرد کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان تەواوی ئازادی رادەربڕین و چالاکیی مەدەنی دەستەبەر بکرێت و سەروەریی یاسا و رێکاری یاسایی بەپێی یاسا بەرکارەکانی بواری رۆژنامەگەریی و چالاکی مەدەنی بپارێزرێت و دادگاکان سەروەری و بێلایەنی خۆیان بپارێزن".
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی هەرێمی کوردستان
لای هەمووان ئاشكرایە کە دەزگای داواکاریی گشتی، دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆیە و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی سەروەری یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام ماوەیەکە چەند کەس و لایەنێک دەستیان بە شاڵاوێکی ناڕەوا لە دژی ئەم دەزگایە و ئەندامانی کردووە و، هەوڵدەدەن خەڵکی هەرێمی کوردستان چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا ببەن. لەکاتێکدا دەزگای داواکاری گشتیی وەکو سەربازێکی ون شەو و رۆژ کاردەکات لە پێناو سەرەوەریی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی خۆشەویست و بەهیچ شێوەیەک کۆڵ نادەیەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان.
هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی هەرێمی کوردستان
21-02-2021
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ