رووداو - پاریس
رۆژی سێشەممە 21-2-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئێلیزێ پێشوازیی لێكرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: "لە كۆبوونەوەیەكی دۆستانەدا بارزانی سوپاسی ئۆلاند و گەل و حكومەتی فەرەنسای كرد، كە لە رۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە. هاوکات لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هاوكار و یارمەتیدەری گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوون. ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا لەقەڵەمدا".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "لەو دیدارەدا سەرۆكی فەرەنسا پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش دووپاتكردەوە. جەختیشی لەوە كردەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ فەرەنسا بایەخێكی زۆری هەیە، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دووپاتکردەوە".
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و شەڕی تیرۆر و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەکە بوون.
داڕشتنەوە: حەکیم داود