مامۆستایانی ناڕازیی لە رانیە: لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین

رووداو - راپەڕین

مامۆستایانی ناڕازیی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیێنن، ئامادەنین بایكۆت بشكێنن و دەست بە دەوام بكەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21-2-2016 مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە کە بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، بۆئەوەش چەندین هۆکاریان هەیە.

لەبەشێکی بەیاننامەکەی مامۆستایانی رانیە ئاماژە بە رۆڵی قوتابیان کراوە و پەرۆشی خۆیان بۆ قوتابیان راگەیاندووە و دەڵێن "ئێمە وەک مامۆستایان ناخمان ژان دەکات بۆ قوتابییەکانمان و بۆ ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی هەرێمی کوردستان".

بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە و بەردەوامی بایکۆتکردنی مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ئاماژەیان بە کۆمەڵێک هۆکار کردووە.

یەکەم: بۆئەوەی وانەی ناڕەزایەتی دژی دزی و بەتاڵانبردنی سامان و داهاتی نیشتمان بەهەموو خەڵکی کوردستان بڵێینەوە.

دووەم: بۆئەوەی ئەو وانەیە بە قوتابیان بڵێین، کە پەروەردە و خوێندن بۆ خزمەتی نیشتمان و مرۆڤایەتی یە نەک بۆ گیرفان پڕکردن و فێربوونی حیسابات بۆ کۆکردنەوەت ماڵ و سامان.

سێیەم: بۆ ئەوەی وانەی حکومداری بە نەوەکانی داهاتوو بڵێینەوە، کە کاتێک هاتنەوە سەر دەسەڵات و فێری حکومداری و پاشەکەوت و خەمی داهاتووی نمیشتمان بن.

چوارەم: بۆئەوەی بەتەواوی بگەینە ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەی ئەو دەسەڵاتدارانە تاوەكو بزانین چەندە لەخەمی رۆڵەکانی داهاتووی ئەم نیشتمانەدان، چونکە بایکۆتی ئێمە دەسەڵاتدارانی خستووتە ژێر تاقیکردنەوە.