بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەی كێلێ چاوەڕێی وەزارەتی دەرەوەیە

21-02-2014
فەرمان چۆمانی
A+ A-
رووداو - پشدەر

لە نوێترین هەوڵدا لەسەر پێشنیازی خەڵكی قەزای پشدەر، پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مەسەلەی بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەی كێلێ دەگەیەنێتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاری بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەكە دەكات.

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقم وەرگرتووە و ئەوان نووسراویان بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناردووە. ئەو وەزارەتە لیژنەیەكی تایبەتیان هەیە كە كار لەسەر بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەكان دەكات و هیوام زۆرە كە مەرزەكە بە نێودەوڵەتی بكرێت". گوتیشی "ئەگەر نەكرا، خۆم دەچمە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ دەكەم، چونكە بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەی كێلێ بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بۆیە بە جددی كاری لەسەر دەكەم".

ئەشواق جاف هەروەها دەڵێت "ئەو دەروازەیە تەنیا بۆ خەڵكی پشدەر سوودی نییە، بەڵكو بۆ سلێمانی و هەولێر و كەركووكیش، چونكە نزیكە لە هەموو شارەكان". لەڕێی ئەو دەروازەیەوە هەندێ كەلوپەلی بیناسازی دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان. ئێستا لەسایەی بەنێودەوڵەتی نەكردنی مەرزەكەدا رۆژانە لەرێگای قاچاخەوە كەلوپەل دەهێنرێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەی كێلێ پێویستی بە كردنەوەی چەند فەرمانگەیەك و قیرتاوكردنی رێگاكەی هەیە. بۆیە لە ئێستاوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ دابینكردنی ئەم پێداویستیانە دەكات. لەناو خاكی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەكو ئامادەكارییەك بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەكە بازاڕێكی بچوك دروستكراوە. بەرهەم ئەحمەد، قایمقامی قەزای پشدەر بە (رووداو)ی گوت "لەڕووی یاساییەوە بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەی كێلێ پێویستی بە دروستكردنی كۆمەڵگای فەرمانگەكان (نشینگە و مانەوە و رێگاوبان و كۆنترۆڵی جۆری و كەرەنتینەی كشتوكاڵی) هەیە و بۆ كردنەوەی ئەو فەرمانگانە لە كابینەی شەشەم بڕیاری كردنەوەی هەندێكیان دراوە، هەروەها رێگاكەش دروستكراوە و تەنیا قیرتاوكردنی دەوێت". داواكاری بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەكە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقە كە وەزیرەكەی كوردە، بۆیە ئێستا بەنێودەوڵەتیكردنی دەروازەكە لەسەر واژووی هۆشیار زێباری وەستاوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە