رووداو دیجیتاڵ
لە تەقینەوەی حەشارگەیەکی چەکدا لە باکوورى بەغدا، سێ ئەفسەر کوژران و چوار پلەردارى دیکە بریندار بوون، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریى رووداوەکە پێکدەهێنرێت.
تەقینەوەکە ئەمڕۆ سێشەمە، 21ى کانوونى دووەمى 2025، لە قەزاى تاڕمیەى باکوورى بەغدا روویداوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لە دواى ئەوەى زانیاریى هەواڵگریى گەیشتووەتە دەزگەی ئاسایشى نیشتمانى لەبارەى بوونى حەشارگەیەک لە ناوچەى ئەلبوغنتوس لە قەزاى تاڕیمیە، بە هاوکارى لیواى 23ى پیادەى سوپا چوونەتە ئەو شوێنە و لەکاتى دڵنیابوونەوە لەو حەشارگەیە، "هەڵەیەک لە دەرەوەى رێکارە کارپێکراوەکان" روویداوە و بەهۆیەوە ئەو حەشارگەیە تەقیوەتەوە.
بەگوێرەى راگەیێنراوەکە، لەو تەقینەوەیەدا سێ ئەفسەر کوژراون و چوار پلەدارى دیکە برینداربوون.
قەزاى تاڕمییە لە باکوورى بەغداوە هێڵى پەیوەندییە بە پارێزگاکانى دیکەى دیالە و سەلاحەدین و ئەنبار، ناوچەیەکى تێکەڵە لە سوننە و شیعە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى رایگەیاند، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە پێکهێنراوە لەبارەى ئەوەى بەدەر لە رێکارە کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو حەشارگەیەدا کراوە و دەڵێت: "ئەو جۆرە ئەرکانە دواى دۆزینەوەى حەشارگە و کەرەستەى سەربازیى و پاشماوەى جەنگى، ئەرکى ئەندازیاریى سەربازییە."
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دواى ئەو رووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵى "ناڕاست" بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو رووداوە کارێکى تیرۆریستى یان پێکدادان بووبێت لەگەڵ تیرۆریستان و داوا دەکات زانیارى ورد لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ