رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان دەڵێت، سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەچێتە بەغدا.
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، دڵسۆز جەلال، سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەبەستی سەردانەکە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، تەندروستی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکان".
بە گوتەی دڵسۆز جەلال، "کۆبوونەوەیەکی شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەبێت کە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش تێیدا بەشدار دەبن."
15-1-2025 بۆردەکە کۆبووەوە و بڕیاردرا شاندێکی سەردانی بەغدا بکات.
بەرپرسێک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 1988دا 211 منداڵی هەڵەبجە بێ سەروشوێن بوون. تاوەکو ئێستا 10یان دۆزراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ 201 کەسەکەی دەکرێت کە چارەنووسیان دیار نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ