رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "پلاتفۆڕمی نیشتمانیی عێراقی بۆ بیمە" پەسندکرد بۆ ئەو کەسانەی دێنە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بڕیارەکە، هەرێمی کوردستان پابەند کراوە کە ڤیزە و مۆڵەتی هاتنە ژوورەوە بە بیانییەکان نەدات کە بەڵگەنامەی بیمەیان لە پلاتفۆڕمەکە نییە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی چەند بڕیارێکی دەرکرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، بۆ رێکخستنی هاتنەژوورەوەی بیانییەکان و میوانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسندکردنی "پلاتفۆڕمی نیشتمانیی عێراق بۆ بیمە" بۆ ئەو کەسانەی دێنە ناو عێراق.
وەزارەتەکانی دەرەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەوار، دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق پابەند کران کە ڤیزە و مۆڵەتی هاتنەژوورەوە نەدەن بە بیانییەکان، ئەگەر بەڵگەنامەی بیمەیان لە پلاتفۆڕمەکە نەبێت.
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەکانی یاسای "تەندروستیی دڵنیایی" ژمارە 22ـی ساڵی 2020 دەرچووە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاری دیکە دەرکران کە گرنگترینیان بریتین لە:
رۆژی یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، بە بۆنەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیمام موسا کازم، پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم فەرمانگە و دەزگاکانی دەوڵەت لە شاری بەغدا.
دەنگدرا لەسەر جێگیرکردنی (14) بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگە جیاوازەکانی دەوڵەت.
رەزامەندی درا لەسەر گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای (ستێلار ئینێرجی)؛ هەروەها واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای (هالیبێرتۆن) بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی (بن عومەر) و (سندیباد) لە پارێزگای بەسرە.
بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی راسپارد (10) ملیار دینار بخاتە سەر بودجەی وەزارەتی ژینگە لە خشتەکانی بودجەی ساڵی2025 دا.
پڕۆژەیاسای رێککەوتنی مەککەی پەسندکرد بۆ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بۆ هاوکاریکردن لە بواری جێبەجێکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. رێککەوتنەکە لە تشرینی دووەمی 2024، لە وڵاتی قەتەر واژۆ کرا و پڕۆژەیاساکە بۆ پەسندکردن رەوانەی پەرلەمان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ