prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەمەودوا فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەتوانن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هەژماری من'دا ببنە خاوەنی هەژماری بانکی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرتاسەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هەژماری من'، لەمەودوا فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی".
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "ئەم بژاردە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی 'هەژماری من' بۆ ئاسانکاری لە تۆمارکردنی فەرمانبەران تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی ئاسان و بەبێ سەردانیکردنی بنکەکانی تۆمار خۆیان تۆماربکەن".
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک لە تیمی 'هەژماری من' بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانج لە کاراکردنی ئەم فۆرمە ئۆنڵاینە بۆ ئەو رێگرییانە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا رووبەڕووی تیمەکانمان و فەرمانبەران دەبوونەوە، لەمەودوا فەرمانبەر دەتوانێت لە ماڵەوە و بە ئاسانی خۆی تۆماربکات".
ئەو سەرچاوەیەی تیمی 'هەژماری من' گوتیشی، "تاوەکو ئەمڕۆ 36٪ـی فەرمانبەرانی مەدەنی سنووری پارێزگای سلێمانی فۆرمی 'هەژماری من'یان پڕکردووەتەوە و چاوەڕوانیش دەکەین دوای کاراکردنی ئەم فۆرمە ئۆنڵاینە، رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە".
رۆژی 12ـی ئەم مانگە، کارتەکانی بانکی تی بی ئای مووچەخۆرانی سلێمانی گەیشتە لقی سەرەکیی ئەو بانکە لە شارەکە و دەست بە دابەشکردنی بەسەر مووچەخۆرانی تۆمارکراوی ئەو سنوورەدا کرا.
بۆ دوایین مووچەی دابەشکراویش کە مووچەی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەشت هەزار و 321 فەرمانبەر لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەکانیان وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ