رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دوو باندی دزیکردنی لە قەزای حاجیاوە دەستگیر کرد. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "دوو باندەکە زیاتر لە 50 قازیان دزیبوو."
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە قەزای حاجیاوا سکاڵایان تۆمارکرد کە ژمارەیەکی زۆری پەلەوەریان لێ دزراوە، بە بڕیاری دادوەر لەلایەن بنکەی پۆلیسی ماکۆكەوە لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا توانرا دوو باندەکە دەستگیربکرێن، کە ژمارەیان 10 کەسە".
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە: "دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانیان بە تاوانەکانیاندا نا. دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە راگرتنی سەرجەم تۆمەتباران بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
دەرو قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "تۆمەتبارەکان رایانگەیاند، ماوەیەکی زۆر بوو دەستیان بە بردنی قاز و کۆتر لە شەودا کردبوو، زیاتر لە 50 قاز و چەندەها کۆتریشیان دزیبوو".
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، ئەو کەسانە "هەموو پەلەوەرەکانیان فرۆشتووە و پارەکەیان خەرج کردووە."
بە گوتەی دەرو قادر، "بەشێک لە تۆمەتبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە، هەموویان لە رەگەزی نێرن و تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 25 ساڵیدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ