رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای خانەقین دەڵێت، پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە شارەکە دەستپێدەکات کە بە تەواوبوونی، کارەبای قەزاکە دەبێتە 24 کاژێری.
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کۆمپانیایەکی چینی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەکات. ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت پێویستیی کارەبای قەزاکەمان دابین بکات".
جەواد فەیزوڵڵا دەڵێت: "ئێستا لە رێگەی دوو هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە ئێرانەوە بڕی 120 مێگاوات کارەبامان پێدەگات.
بە گوتەی قایمقامی قەزای خانەقین، 1000 دۆنم زەوییان بۆ پڕۆژەکە تەرخانکردووە و بەم زووانە تێیدا دەست بە کارکردن دەکرێت.
بڕی پێویستیی رۆژانەی خانەقین نزیکەی 150 مێگاواتە و جەواد فەیزوڵڵا دەڵێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە بەرهەمی کارەبای قەزاکە دەبێتە 240 مێگاوات و هەربۆیە "دەتوانین بڕی کارەبای زیادەی خۆمان بە پارێزگا و ناوچەکانی دیکە بدەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ