رووداو دیجیتاڵ
نەوەی نوێ کە سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان لە فراکسیۆنەکەیانە، داوا دەکات چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، پارتی و یەکێتی تائێستا یەکلانەبوونەتەوە. دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "دانیشتەکە، تەنیا لەسەر رێژەی یاسایی ئامادەبوون، وەستاوە."
محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان 19-1-2025 لە راگەیێندراوێکدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی کرد، بۆ ئەوەی ئەم چوارشەممەیە (22-1-2025) درێژە بە دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێکەوتە یاسایی و سیاسییەکان.
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە کاتی دانیشتن دیاری بکات و داوا لە لایەنەکان بکات بەشداری بکەن، بۆیە بانگهێشتەکەی هیچ کێشەی تێدا نییە."
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان گوتی "دانیشتنی پەرلەمان تەنیا لەسەر رێژەی یاسایی ئامادەبوون وەستاوە، ئەگەر رێژەی یاسای تەواو بێت، واتا 50+1 بێت، دانیشتنی چوارشەممە دەبێتە درێژەپێدەری دانیشتنی یەکەم."
2-12-2024، بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەن بەڕێوەچوو.
یەکێتی و پارتی یەکلانەبوونەتەوە
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت "پارتی و یەکێتی بەیەکەوە کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەن، کە بەشداری دەکەن یاخود نا."
هاوکات بەرپرسێکی یەکێتی بە رووداو گوت، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، یەکێتی بەشداری لە دانیشتنی چوارشەممە دا ناکات، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە."
یەکگرتوو: لە نێو پەرلەمان بڕیار دەدەین
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەڕۆین بۆ پەرلەمان و دواتر لەوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بڕیاری خۆمان رادەگەیێنین."
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە خاوەنی 7 کورسییە لە پەرلەمان، بڕیاری داوە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و بەشداریی حکومەت نەکات.
کۆمەڵ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان ناکات
18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە 15 کورسیمان هەیە، لەگەڵ کورسییەکانی یەکێتی و دوو کورسیی کۆتای سلێمانی دەکاتە 40 کورسی. ئەگەر کورسییەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی بخرێتە سەر کە 10 کورسین، دەکاتە 50. بە تەنیا 50+1 دەکات. بێگومان 8 کورسیی دیکەی لایەنەکانی دیکەش هەن، ئەگەر یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی دەتانەوێت پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر بەربژێرێکی سەرۆکوەزیران رێکبکەون جا هەر بەربژێرێک بێت، بەڵام پارتی نەبێت."
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دووشەممە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "ئەمە جاری یەکەم نییە شاسوار پێشنیاز بۆ یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، وا دیارە هێشتا بێ خەبەر لەوەی کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەرلەمانی دیزایینکراویشی بۆ جێهێشتوون."
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی دەڵێت "فەرموون خۆتان، یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و، پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن."
دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری کە سێ کورسی بەدەستهێناوە رایگەیاند، "ساختەکاری کراوە" و، پەسندی ناکەن و ناچنە پەرلەمان.
دووەم جارە شاسوار عەبدولواحید پێشنیاز ئاراستەی کۆمەڵی دادگەری دەکات بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. گوتەبێژی کۆمەڵ دەڵێت "دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش، بە 100 پۆست نەک 50، گۆڕانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، ئەگەر خراپتر نەبێت."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ