چەند کۆڵبەرێک: پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان سەریان تاشین و ئەشکەنجەیان داین

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵێک هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەڵێن کاری کۆڵبەری دەکەن، لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە دەڵێن، "لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە" ئەشکەنجە دراون و سەریان تاشراوە. پاسەوانی سنووریش دەڵێن، بۆ زانینی راستیی رووداوەکە، لیژنەیەکیان پێکهێناوە.
 
ڤیدیۆکە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە. یەکێک لە کۆڵبەرەکان دەڵێت، "کۆڵبەرم؛ کوردم، لە جوانڕۆوە هاتووم. دوێنێ شەو پاسەوانی سنوور سووکایەتی پێکردین، جوێنی نامووسیان پێداین، لێیانداین و وەکو سەگ رایانکێشاین. تاوەکو ئەم بەیانییە نانیان پێنەداین."
 
هەموو ئەو گەنجانەی دەردەکەون سەریان تاشراوە. یەکێکیان دەڵێت، "لێتان داوین و دەست و قاچتان شکاندووین. ئاخر مووی سەر بۆ لادەبەن و سەرمان دەتاشن!"
 
کۆڵبەرێکی دیکەش دەڵێت، سێ منداڵی هەیە و یەکێکیان خاوەن پێداویستیی تایبەتە، کرێچییە و ناچارە ئەو کارە بکات.
 
هاونیشتمانییەک کە دیمەنی یەکێک لە کۆڵبەرەکانی تۆمار کردووە و بەشێوەزاری هەورامی قسە دەکات، دەڵێت، "ئەمشەو لە سنوور ئەو کۆڵبەرە گیراوە؛ ئاخر کاکە بڵێ داعشتان گرتووە یان چی وا سەرتان تاشیون؛ سەیربکەن چیان لێ کردوون. ئەوە پاسەوانی سنوور وایان لێکردووە."
 
ئەفسەرێکی باڵا لە پاسەوانی سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسانە لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە دەستگیر کرابوون، بەڵام بۆ بابەتی سەرتاشین و ئەشکەنجەدان، لیژنەیەکی باڵا لە سێ ئەندام پێکهێندراوە و لێکۆڵینەوە لە راستییەکەی دەکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکەی بڵاودەکەینەوە."
 
ئەو هێزی پاسەوانی سنوورەی لە باشووری کوردستان جێگیرە، کە ئەرکیان پاراستنی سنوورە لە سنووری خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ، لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی عێراقە.