ئاژانسەکانی ئێران وێنە و ڤیدیۆکان ساختە دەکەن

22-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدوای بەئامانجگرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر، هەوڵی زۆر دەدات بۆ رای گشتیی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بسەلمێنێت کە مۆساد بووە و لە دوایین هەوڵیدا وێنەیەکی پێشڕەو دزەیی بە فۆتۆشۆپ لەگەڵ حاخامێکی جوو پێکەوە لکاندووە و تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ کە لە رێگەی ئەو سەرمایەدارەوە نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل فرۆشراوە.
 
وێنەی پێشڕەو دزەیی لەگەڵ حاخامە جووەکە رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی دووەم لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە کە سەردێڕەکەی بە "پێشڕەو دزەیی بازرگان یان هاوکاری ستراتیجی مۆساد؟" دەستیپێکردبوو.
 
لەو راپۆرتەی سوپای پاسداراندا هەوڵدراوە رای گشتی بەو ئاکامە بگەیێنێت کە مووشەکەکانی سوپای پاسداران بەر ماڵی کەسایەتییەکی مەدەنی و سەرمایەدارێکی شاری هەولێر نەکەوتووە، بەڵکو "یەک لە گرنگترین دەستوپێوەندەکانی مۆساد بەئامانج گیراوە". 
 
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی شارەکە کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. 
 
رۆژی سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و لە ماڵی پێشڕەو دزەیی رایگەیاند، ئەو خانووەی کراوەتە ئامانج شوێنی نیستەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ پەیوەندی بە بنکە و بارەگای ئیسرائیل و مۆسادەوە نییە.
 
ئەو لێدوانەی راوێژکاری ئاسایشی نیستمانیی عێراق کاردانەوەی نێودەوڵەتی و میدیایی زۆری بەدوای خۆیدا، بەتایبەت لە سەرەتای شەڕی غەززەوە بەرپرسان و میدیا فەرمییەکانی ئێران ئیسرائیلیان بە "حکومەتی منداڵکوژ" وەسف دەکرد، بەڵام بەهۆی کوژرانی ژینەی تەمەن 11 مانگ لە رووداوەکەدا، بەرپرسانی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی تووشی شڵەژان کرد و بووە هۆی ئەوەی چەندین لێدوانی ناکۆک و دژبەیەک لەبارەی ئامانجیان لە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو بازرگانە کوردە بدەن. 
 
لە راپۆرتەکەی رۆژی 20ی ئەم مانگەی ماڵپەڕی سوپای پاسداران کە تێیدا هەوڵیدابوو بە رای گشتی نێوخۆی بڵێت، پێشڕەو دزەیی کێیە، چەندین وێنەی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی بڵاوکرابووەوە کە یەک لەوان وێنەیەک بوو کە لە ئاهەنگێکدا لە تەنیشت حاخامێکی جوو راوەستاوە، بەڵام زۆری نەخایەند کە وێنە ئۆرجیناڵەکە دەرکەوت و زانرا کە ئاژانسەکەی سوپای پاسداران بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ وێنەی پێشڕەو دزەیی خستووەتە پاڵ حاخامەکە.

 

سوپای پاسداران ئامانجی لەو راپۆرتە زیاتر دامرکاندنەوەی تووڕەیی رای گشتیی نێوخۆی ئەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی ژینە پێشڕەوی 11 مانگ، وێنەکەی لەگەڵ ژینا ئەمینی خرابووە نێو پۆستەرێک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگی (کۆماری ئسیلامی ئێران، بکوژی ژیناکان) بڵاوکرایەوە. 
 
لەو راپۆرتەدا سوپای پاسداران چەند وێنەیەکی دیکەی پێشڕەو دزەیی لەکاتی شەڕی داعش، کە وەکو سەرمایەدارێکی نیشتمانی هاوکاریی لۆجستیکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد، لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی پێشمەرگە و راوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و کردوویەتی بە بەڵگە بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە بیسەلمێنێت هەوڵی دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی بۆ مۆساد لە هەرێمی کوردستان داوە.
 
پێشڕەو مەجید دزەیی، لەگەڵ ئەوەی کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی داعشدا، زیاتر لە شەش مانگ لە میحوەری دیبەگە ئەرکی دابینکردنی خۆراکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرتە ئەستۆی خۆی، بە هاوبەشی لەگەڵ نۆ بازرگانی دیکە، ژمارەیەک قوتابخانەیان دروستکردووە، کە تاوەکو ئێستاش هەندێکیان تەواو نەکراون. 
 
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، 93 ھەزار دەستکێش، 750 چاویلکەی پزیشکی، سێ هەزار ماسکی N95، 1875 جلی تایبەب بە کۆرۆنا و چەندان کارتۆن پێداویستیی پزیشکی دیکەی پێشکێشی تەندروستیی هەولێر کرد.
 
هەروەها لە کەمپەینی رەنجی شەهیدان کە تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2015ـدا رایگەیاند، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش.
 
سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو بە رووداوی گوت "مووچەی بۆ دەیان خێزانی بێسەرپەرشت بڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا خۆی دەزانێت و نەیوستووە کەس بەو خێرە بزانێت."
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەی سوپای پاسداران، کۆمپانیای فاڵکۆن گرووپی پێشڕەو دزەیی وەکو دامەزراوەیەک بۆ دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی مۆساد و ئەمریکا ناساندووە و لە بەشێکی دیکەشدا ئەو کۆمپانیایەی وەکو کۆمپانیایەکی پاسەوانی و پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسانی بیانی لە رووماڵی سەڕی داعش وەسف کردووە.
 
لە هەمان راپۆرتدا سوپای پاسداران کۆمپانیای فاڵکۆن گرووپ بەوە تۆمەتبار دەکات کە "راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا" و لە درێژەی راپۆرتەکەدا بە کۆمپانیایەک بۆ گواستنەوە و گەیاندنی نەوتی کوردستان بۆ ئیسرائیل ناوی دەبات و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو داوایانەشی پشتی بە وێنەیەک بەستووە کە پێشڕەو دزەیی لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستێکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی خانووبەرە.

 

دەستکاریکردنی قسەی پێشکێکشار و پزیشکێک
 
لە ڤیدیۆیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کە بەرنامەیەکی تەندروستییە و بە زمانی عیبری پێشکێش دەکرێت، بەرنامەکە ژێرنووسێکی ساختەی بۆ کراوە. 
 
لە ژێرنووسە وەرگێڕدراوەکەی گرتە ڤیدیۆیەکەدا لەکاتی پرسیاری خانمە پێشکێشکارەکە دەنووسرێت: "ئایا راستە مۆساد لە باکووری عێراق بەم شێوە گەورەیە هەن کە میدیا باسی دەکەن؟ 
 
لە وەڵامدا میوانەکە وەک لە ژێرنووسەکەدا هاتووە، دەڵێت: "مۆساد زۆر بەهێزەوە لە باکووری عێراق هەن، ئەمەش کارێکی سەیر نییە. ئیسرائیل لە هەموو ئاستێکدا بەشدارییەکی کارای هەیە، ئەمەش لەسەر داوای لایەنی کوردییە، بۆیە پێموایە دەبێ بوونمان بگاتە ئاستێک کە ئاشکرا و راشکاوانە بێت تا دەگاتە ئاستی دانانی نوێنەرایەتیی فەرمی لەنێوان ئیسرائیل و هەرێم"
 
پرسیاری پێشکێشکار: لە قسەکانتدا بۆم دەردەکەوێت کە ئێران بارەگای مۆسادی بە ئامانج گرتووە؟
 
میوانەکەش لە وەڵامدا دەڵێت: لە راستیدا لەسەر ئەم پرسە زانیاری تەواوم نییە. 
 
بەڵام گفتوگۆی ئۆرجیناڵی ئەو خانمە پێشکێشکارە و میوانەکەی، دوورە لە سیاسەت و هێرشەکانەوە و سەت لە سەت پزیشکییە و باسی نەشتەرگەری دەکات بە لێزەر.
 
بەرنامەکە باسی ئەوە دەکات "ئێستا باسی نەشتەرگەریی لێزەر دەکەین بۆ چاککردنەوەی بینایی چاو، ئەم نەشتەرگەرییە کە تەنیا چەند چرکەیەکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم چارەخوازانە. لەگەڵ ئەمەشدا ترس و دڵەڕاوکێ لە بەکارهێنانی تیشکی لێزەر بۆ چاو تووشی کێشەیەکی مەترسیدارت دەکات. لە هەردوو دۆخدا پێویستت بە سەنتەری پزیشکیی دکتۆر دەیڤید ئیسرائیلی هەیە".
 
 
ئەو پزیشکە دەڵێت "راستە، بەکارهێنانی تیشکی لەیزەر بۆ چاو ئاگادارمان دەکاتەوە بەوەی زۆر هۆشیار بین لە بابەتی پاکێجەکانی لێزەری راستەوخۆ. لێزەر چەند جۆرە پاکێجێکی هەیە، ئەوەی ئێمە بەکاری دەهێنین جیاوازە لەگەڵ ئەو تیشکە لێزەرانەی رۆژانە بەکاریان دەهێنین. بۆ نموونە، پسپۆڕێکی پزیشکی چاو دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە لێزەر بەکاربهێنێت. لەگەڵ ئەو تیشکە هەستیارەدا کە بۆ نەشتەرگەریی چاو بەکاریان دەهێنن، جۆرێکی تایبەتی هەیە کە بۆ لابردنی بیناییەکان بە شێوەیەکی کاتی بەکاردێت. ئەویش پێی دەگوترێت لێزەری سارد، کە بەهیچ شێوەیەک کار ناکاتە سەر تۆڕە ناوخۆییەکانی چاو، بەڵام رەنگە هەندێکجار، لێزەری سارد تۆڕی چاو تێکبدات، تەنانەت بەبێ ئەوەی ئازار بگەیێنێت." 
 
دکتۆر دەیڤید ئیسرائیلی، کە بە ژێرنووسی عەرەبی قسەکانی شێوێندراوە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "نەشتەرگەری بە لێزەر بۆ رزگاربوون لە بەکارهێنانی چاویلکەکان و باشترکردنی ئاستی بینایی چاو، نەشتەرگەرییەکی زۆر گرنگە. ئێمە لە قەرەنیی چاو بەکاریان دەهێنین کە ئەمەش چەندین جۆری هەیە. هەروەها خودی قەرەنییەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم لێزەرانە کە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە نەشتەرگەرییەکان لە ناوەوە و بەشێکی دیکەشیان لە دیوی دەرەوەی قەرەنییەکان بەکاردەهێندرێن. ئامانج لەم نەشتەرگەرییانە بۆ ئەوەیە بینایی چاو بەشێوەیەکی دروست چاک و راست بکرێنەوە. نەخۆش یان چارەخواز تاوەکو ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە رەنگە چەندینجار ئاستی بینایی بەهۆی چاویلکەکانەوە لەدەستدابێت و بۆ ئەمەش راستکردنەوەی لە رێگەی ئەم لێزەرانەوە کارێکی گرنگە. بەشێک لە نەشتەرگەرییەکان پێویستیان بە بڕینی قەرەنییەکانی چاوە. بۆ ئەمەش رەنگە تەنیا دوای شەش رۆژ ئاستی بینین بە تەواوەتی چاک ببێتەوە."

 

<

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."