لەگەڵ رەنج؛ لە مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان رێکلام بۆ شیری وشک دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 56 براندی شیری وشک لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە رێگەی مەندووبەکانیان و بە بەرتیلدان بە بەشێک لە پزیشکان لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکانەوە دایکان هاندەدەن لەبری شیری خۆیان شیری قتوو بدەن بە منداڵەکانیان و بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیش دەڵیت، تاوەکو ئێستا تاقیگە و ئامێری پشکنینی ئەوەندە پێشکەوتوویان نییە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەینە دایکان ئەو شیرەی هاوردە دەکرێت هەمان ئەو پێکهاتە و ستانداردانەی تێدایە کە لەسەر قتووەکەی نووسراوە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی باس لەوە دەکات کە نزیکەی 70٪ـی منداڵانی هەرێمی کوردستان لەبری شیری دایک شیری قتوویان پێدەدرێت و دەڵێت کۆمپانیا هەیە ئۆتۆمبێلی بۆ دکتۆر کڕیوە بۆ ئەوەی رێکلام بۆ شیرەکەی بکات و پزیشكێکی پسپۆڕی خۆراكی منداڵانیش دەڵێت، لە نەخۆشخانەی حکومی کارمەندی پێشوازیکردن وەکو پزیشک خۆی بە دایکان ناساندووە و پێی گوتوون لەبری شیری دایک ئەم شیرە وشکە بدەن بە منداڵەکەتان بۆ ئەوەی گەشەی باشتر بێت.
 
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی دكتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی؛دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی ‌و پسپۆڕی ‏نەخۆشییەكانی ‏منداڵان؛ شەماڵ ئەحمەد، ئەندامی دەستەی باڵای سەندیكای ‏كارمەندانی تەندروستی و دكتۆر نیگا رەشد، پزیشكی پسپۆڕی خۆراكی منداڵان، پرسی فێڵکردن لە فرۆشتنی شیری منداڵان و هەروەها فرۆشتن ‌و رێكلام كردن بۆ شیری منداڵ لە مەڵبەند ‌و ‏بنكە تەندروستییەكان تاوتوێ کرا.
‏ ‏
نزیکەی 70٪ـی منداڵان "شیری وشکیان پێدەدرێت"
 
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی ‌و پسپۆڕی ‏نەخۆشییەكانی ‏منداڵان دەڵێت، "پێشتر کەمتر لە ٪15ـی منداڵان لە جیهان شیری قتوویان خواردووە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە نزیکەی 25٪ و لە کوردستان بەهۆی ئەوەی توێژەنەوەی زانستی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، ئامارێکی دروست بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئەو لیکۆڵینەوە کەسییانەی کردوومانن، لەوانەیە 70٪ـی منداڵانی هەرێمی کوردستان شیری قتوویان پێبدرێت.
 
ئەو پزیشکە پێیوایە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو منداڵانەی لە هەرێمی کوردستان شیری قتوویان پێدەدرێت وادەکات لە داهاتوودا نەوەیەک دروستبێت کە ئاستی زیرەکییان کەمبێت، بەردەوام تووشی هەوکردن بن و لە هەمان کاتدا کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر ئابووری خێزان و وڵاتیش دابنێت.

 

 
کۆمپانیاکان "چاوچنۆکانە" مامەڵە بە پرسی شیرەوە دەکەن
 
بەشێک لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی شیر لە رێگەی فرۆشیارەکانیانەوە دایکان هاندەدەن بۆ ئەوەی شیری قتوو بدەن بە منداڵەکانیان و وایان رێکلام بۆ دەکەن کە شیری قتوو بەسوودترە بۆ منداڵ، د. پێشڕەو عەبدوڵڵا ئەو کۆمپانیایانە بە "بێ ویژدان" ناو دەبات و پێیان دەڵێت؛ ئێوە زۆر چاوچنۆک و چاوبرسین، تەنیا خەمی گیرفانی خۆتانە، ئەگەر منداڵێک بەهۆی ئەو شیری قتووە لێکەوتەی خراپی بۆ دروستبێت، سبەی هەمان کێشە بۆ منداڵی خۆشت دروستدەبێت".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە ‏سلێمانی؛ "ئەو کۆمپانیایانە هەوڵی دزەکردن بۆ نەخۆشخانەکانی منداڵان و هەموو قوژبنێکی ئەم هەرێمی کوردستانەیان داوە، واتا لە هەر شوێنێک بزانن شیرەکانیان ساخدەبێتەوە، هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام ئەوە ئەرکی کارمەندان و پزیشکانە رووبەڕووی ئەو هەوڵانەیان ببینەوە".
 
د. پێشڕەو عەبدوڵڵا دەڵێت، کۆمپانیاکان لیستیان هەیە و دەزانن کامە پزیشک بە چی رازی دەبێت بۆ ئەوەی رێکلام بۆ فرۆشتنی شیرەکەی بکات و هەیە ئۆتۆمبێلی وەرگرتووە و هەشە لە فرۆشتنی شیرەکە رێژەیەکی وەرگرتووە، تەنانەت لە نەخۆشخانەی منداڵان کارمەندمان هەبووە رێکلامی بۆ براندێکی شیری قتوو کردووە و پێمانزانیوە و سزامانداوە.
 
بە دایکان دەڵێن شیری قتوو "بۆ گەشەی منداڵەکەت باشترە"
 
دكتۆر نیگا رەشد، پزیشكی پسپۆڕی خۆراكی منداڵان پێیوایە، کۆمپانیاکان لە رێگەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییەوە رێکلام بۆ شیرەکانیان دەکەن و دەشڵیت؛ "منداڵی خۆمم بردووە بۆ کوتان لە نەخۆشخانە، مەندووبی کۆمپانیای شیر هاتوون و پێیان گوتووم شیری قتوو بەکاربهێنە بۆ منداڵەکەت، بەسوودترە لە شیری دایک و گەشەی منداڵەکەت باشتر دەکات، دواتر کە زانیویانە خۆم پسپۆڕی خۆراکی منداڵم داوای لێبوردنیان کردووە، ئەو رووداوانە رۆژانە لە نەخۆشخانەکان دووبارە دەبنەوە".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 70 جۆر و براندی جیاوازی شیر هەیە و وەکو دکتۆر نیگار رەشید ئاماژەی پێدەدات؛ "دایک لەنێوان ئەو هەموو براندە جیاوازە خۆی لێ وندەبێت، دایک هەمیشە هەوڵ دەدات لە پارووی دەمی خۆی بگرێتەوە و بیدا بە شیرێکی باش بۆ منداڵەکەی، بەڵام مەرج نییە ئەو شیرەی نرخەکەی گرانە، نیشانەی ئەوە بێت کە شیرێکی باشیشە، دەبێ هانی ئەو دایکە بدرێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکە".
 
دکتۆر نیگار رەشید جۆرەکانی شیر لە رووی زانستی شیدەکاتەوە و دەڵێت؛ "چوار سەرچاوەی شیر هەن بۆ منداڵان کە بریتین لە شیری مانگا، بزن، سۆیا پرۆتین و شیرە هایدرۆلایزەکان، ئێستا کێشەی هەرە گەورە گۆڕینی شیری منداڵە لەلایەن دایکانەوە. ئەگەر بۆ نموونە منداڵێک شیری مانگای پێ ناکەوێت، نابێ سەرچاوەکەی بگۆڕدرێت بۆ شیرێکی دیکەی مانگا، بەڵکو دەبێت بە راوێژکردن لەگەڵ پزیشک، شیرەکەی بگۆڕدرێت".

 

 
پزیشکان خۆیانن هانی دایکان دەدەن "شیری قتوو بە منداڵەکانیان بدەن"
 
ئەندامێکی دەستەی باڵای سەندیكای ‏كارمەندانی تەندروستی دەڵێت ئەو دایکانەی بڕیار دەدەن لەبری شیری خۆیان، شیری وشک بدەن بە منداڵەکانیان، یەکەمجار لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون لەلایەن دکتۆرەوە پێشنیازیان پێدەکرێت و باس لەوەش دەکات کە "هەندێک نەخۆشخانە پێنج مانگ جارێک گرێبەست بە بەهای 20 هەزار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی شیری وشەک دەکەن". 
 
شەماڵ ئەحمەد، ئەندامی دەستەی باڵای سەندیكای ‏كارمەندانی تەندروستی رایگەیاند؛ "شیری قتوو لە هەرێمی کوردستان بازرگانییەکی گەورەیە و لەگەڵ بازرگانیی دەرمان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. هەندێک کۆمپانیای شیر وەکو باندیان لێهاتووە و کۆمەڵێک هەلیان قواستووەتەوە بۆ ئەوەی باشتر بێنە نێو بازاڕەکەوە".
 
ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای سەندیكای ‏كارمەندانی تەندروستی روونیدەکاتەوە؛ "یەکێک لەو بۆشاییانەی کۆمپانیاکان دەیقۆزنەوە، دەستکورتی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستییە. کۆمپانیاکە پێشنیاز دەکات کۆمەڵێک ئامێر و دەرمان بۆ نەخۆشخانەیەک دابین بکات و لە بەرامبەردا لەو نەخۆشخانەیە دایکان هان بدرێن شیری ئەو کۆمپانیایە بۆ منداڵەکەیان بەکاربهێنن، ئەوەش وای کردووە دامودەزگاکانی حکومەت چاوبەرەوژێری کۆمپانیاکان بن".
 
شەماڵ ئەحمەد پێیوایە؛ منداڵ کە دەکەوێتە بەر شیری قتوو، یەکەمجار دکتۆر دەیخاتە بەر ئەو شیرە، یەکەمجار کە دکتۆر بە دایکەکەی گوت فڵانە براندی شیر بدە بە منداڵەکەت، ئیتر ناوی ئەو براندە لە مێشکی دایکەکەدا دەچەسپێت، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی رێکلامکردن بۆ شیری قتوو لە نەخۆشخانەکان قەدەخەیە، "کەچی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە ئاشکرا شیری قتوو دانراوە و رێکلامی بۆ دەکرێت."
 
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە، دکتۆر نیگار رەشید گوتی، تەنیا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان رێکلام بۆ شیری وشک ناکرێت، بەڵکو لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش ئەوە دەکرێت و دەشڵێت، "لە نەخۆشخانە دەواممکردووە و دایک هاتووە بۆلام گوتوویەتی دکتۆر پێی گتووم تەنیا ئەو براندە شیرە بەکاربهێنە، دواتر کە بەدواداچوونم بۆکردووە زانیومە کارمەندی پێشوازیکردنەکە بووە کە جلێکی سپی لەبەردابووە و لای دایکەکە خۆی وەکو دکتۆر ناساندووە".
 
بە گوتەی شەماڵ ئەحمەد؛ "نەخۆشخانە هەیە هەر پێنج مانگ جارێک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی شیر دەکات کە هیچ گرێبەستێک لە 20 هەزار دۆلار کەمتر نییە، دکتۆر هەیە داوای لە کۆمپانیا کردووە سەفەری ئەوروپای پێ بکات لەپێناو ریکلامکردن بۆ شیرەکەی، ئەگەر پزیشکێک ئەمە بکات ئەی خەڵکی ئاسایی و دوکاندار لە کۆڵان و بازاڕەکاندا دەبێ چۆن مامەڵە بەو پرسەوە بکەن".
 
لە هەرێمی کوردستان "ئامێری پێشکەوتوو نییە بۆ پشکنینی شیر"
 
بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ناتوانن دڵنیایی لە تەندروستی ئەو شیرانە بدەن کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی ئامێری پێشکەوتوو و تاقیگەی سەردەمیانە دەگەڕێنێتەوە.
 
دكتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند؛ "هەر بازرگانێک بیەوێ شیری قتوو هاوردەی هەرێمی کوردستان بکات، دەبێ پێشتر رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت، واتا خاوەن کۆمپانیاکە بەڵگەیەک بهێنێت کە ئەم شیرە لە وڵاتی بەرهەمهێن بەکاردێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئەم وڵاتەوە پشکنینی بۆ کراوە، دواتر کە مۆڵەتی پێدرا دەتوانێت شیرەکە هاوردە بکات".
 
بە گوتەی د. رزگار عەلی؛ ئەو شیرەی لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا پشکنینی بۆ دەکرێت و دایکان دڵنیا دەکرێنەوە لە تەندروستبوونی، وەکو ئەو شیرە نییە لە هەرێمی کوردستان پشکنینی بۆ دەکرێت، واتا ئەو دڵنیاییە لە هەرێمی کوردستان نییە، لەبەر ئەوەی پشکنینی شیر بە ئامێری پێشکەوتوو دەکرێت و ئێمە نیمانە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستیمشان بە تاقیگە و ئامێری پێشکەوتوو و لە هەمانکاتدا رێوشوێنی بەهێزتریش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین 100٪ دڵنیابین لە کوالیتی ئەو شیرەی هاوردە دەکرێت.
 
 
کۆمپانیاکان "دەستکاری زانیارییەکانی شیر دەکەن"
 
بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی پێیوایە ئەو لەیبڵانەی بۆ شیر و خۆراکەکان دادەنرێن جێی متمانە نین و بەشێکیان لە کۆمپانیای بەهەمهێنەوە دەستکاری دەکرێن.
 
بە بڕوای دكتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری ‏خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، شیری قتوو کۆمەڵێک کارتێکەری خراپی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان هەبووە، "یەکەمیان ئەو ریکلامەی بۆی دەکرێت و هانی دایکان دەدرێت منداڵەکەیان لە شیری دایک بکەنەوە و شیری قتووی پێ بدەن، دووەمیان ئەو شیرانە بە شێوەی نامەشرووع دێنە نێو هەرێمی کوردستان و سێهەمیانیش قەت شیری قتوو هاوتای شیری دایک نییە، بەڵام وای ریکلام بۆ دەکرێت کە باشترە".
 
دكتۆر رزگار عەلی دەڵێت؛ ئەو لەیبڵانەی بۆ شیرە وشکەکان دادەنرێن جێی متمانە نین و بەشێکیان لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەوە دەستکاری دەکرێن و بەشێکیشیان لە رێگە زانیارییەکانیان دەگۆڕن، تەنانەت هەندێکیان بەبێ ئەوەی پشکنینیان بۆ کرابێت، لەخۆوە پێکهاتە و رێژەکانیان لەسەر نووسیون".

 

.