لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان 5 مەتر بەفرباریوە و رێگەی 81 گوندی داخستووە

21-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەوڵەکان بۆ راماڵینی ئەو بەفرەی کە شارۆچکەکانی دەوروبەری ناوەندیی پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە، بەردەوامە. پێنج مەتر بەفرباریوە و بەهۆیەوە رێگەی 81 گوند و یەکەی نیشتەجێبوون داخراون.
 
لە هەفتەی یەکەمی ئەم ساڵەوە، شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین، ناوچە شاخاوییەکان و شارۆچکەکانی دەوروبەری ناوەندیی پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە، بەهۆیەوە پێنج مەتر بەفر، کەڵەکەبووە.
 
بەرزاییەکانی شاخی توغتەپە سەر بە شارۆچکەی گەڤەر، کە بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی تورکیای لێیە، چوار رۆژە تەواوی پێچەکانی بەهۆی بەفرەوە، داخراون. تیمەکانی رێگاوبان و شارەوانییەکان بەهاوبەشی لە بەشی خوارەوە و ئامێرەکانی کارکردنی هێزەکانی بنکە سەربازییەکەش لە بەشی سەرەوەدا بەردەوام کاردەکەن بۆ راماڵینی بەفرەکان و کردنەوەی رێگاکان.
 
کەڵەکەبوونی پێنج مەتر بەفر لە دوو رۆژی رابردوودا، رێگەی 81 گوند، ئاوایی، یەکەی نیشتەجێبوون و کێڵگەکانی بەتەواوەتی داپۆشیووە. نزیکەی چوار رۆژە رێگەی هاتووچۆی گوندەکانی ئۆنباشلیلار، یەدیڤەرەن و پاگەنک، سەر بە شارۆچکەی شەمزینان داخراون. 
 
تیمەکان رۆژانە بە پاککردنەوە و رشتنی خوێ بەسەر رێگاوبانەکاندا، کاردەکەن. بەڵام بای بەهێز و هەڵکردنی بۆران، ئاستەنگێکی رۆژانەی بەردەم تیمەکانە. سەرباری هەموو ئاستەنگییەکانیش، هەوڵی تیمەکان بۆ راماڵینی بەفر و پاککردنەوەی رێگەوبانەکانیش بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە