وردەکاریی ئەشکەنجەدان و سووکایەتیکردن بە 9 کۆڵبەری کورد؛ 'لە پشتوێن بەرەو خوار تەقەیان لێبکەن'
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ژمارەیەک کۆڵبەر لە بیارە دەنگدانەوەی دروستکرد کە باسیان لەوە دەکرد، لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە "ئەشکەنجە دراون و سەریان تاشراوە". فەرماندەیەکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، بەڵام لەو رۆژانەدا فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور چووەتە لایان و گوتوویەتی، "لە پشتوێن بەرەو خوار تەقەیان لێبکەن."
ئەو کۆڵبەرانە وەکو خۆیان دەڵێن ژمارەیان نزیکەی 20 کەس بووە، بەڵام ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت تەنیا 9 کەسن، هاونیشیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
یەکێک لە کۆڵبەرەکان باسی ئەو "ئەشکەنجە و سووکایەتییانە" دەکات کە لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە پێیان کراوە و دەڵێت، "کۆڵبەرم و کوردم، لە جوانڕۆوە هاتووم، پاسەوانی سنووری گرتیانین و سووکایەتییان پێکردین و جنێوی نامووسیان پێداین، وەکو سەگ رایانکێشاین، زۆریان لێداین، دوێنێ شەو نانیان پێنەداوین تاوەکو بەیانی، دەست و قاچمان شکاوە، ئەخر پێمان بڵێن بۆ کەچەڵمان دەکەن؟"
سەرەتا "سووکایەتی و ئەشکەنجەدانەکە" لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە رەتکرایەوە، بەڵام لەم ڤیدیۆیەدا، کۆڵبەرەکان بەڵگەی ئەوە دەخەنەڕوو کە لە بیارە دەستگیرکراون.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنانە، عەمید هەورامان، لێپرسراوی راگەیاندنی پاسەوانی سنوور بە رووداوی گوت؛ لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکهاتووە و کەمتەرخەم سزا دەدرێت. لە لێدوانەکەدا ئەو فەرماندەیەی پاسەوانی سنوور گوتی، "لەو رۆژانەدا فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هاتەلامان و گوتی، لە پشتوێن بەرەو خوار تەقەیان لێبکەن."
رووداو لە کۆڵبەرانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و زۆربەیان دەڵێن؛ لەم یەک ساڵەدا، بەردەوام تووشی ئەو کێشانە بوونە و کەس نەبووە بەدواداچوونیان بۆ بکات.
کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ساڵە بووەتە رێگەیەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، کۆڵبەران دەڵێن؛ دەستخستنی ئەو بژێوییە لەهەردوو دیوی سنوورەوە، هەنگاونانە بەسەر مەترسییەکان، سووکایەتیکردن و ئازار دا.
شایەتحاڵێک باسی رووداوی ئەشکەنجەدانی کۆڵبەرەکانی سنوور دەکات