بزووتنەوەی حەماس: بەهۆی چەند بێسەروبەرییەکەوە چەند هەڵەیەک لە تۆفانی ئەقسا روویدا

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر وەڵامێکی ئاسایی بوو بۆ ئیسرائیل و ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر خەڵکی سڤیل. لەبەر داڕووخانی لەپڕی سیستمی ئەمنیی ئیسرائیل و بێسەروبەری، چەند هەڵەیەکمان کرد."
 
رۆژی یەکشەممە، 21-1-2024، بزووتنەوەی حەماس راپۆرتێکی 18 لاپەڕەییان بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەسەر هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بڵاوکردەوە. حەماس دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی سیستمی سەربازیی و ئەمنیی ئیسرائیل بەخێرایی و زوویی داڕووخا، چەند بێسەروبەرییەک دروستبوون و وایکرد کە چەند هەڵەیەک لە جێبەجێکردنی تۆفانی ئەقسا رووبدات."
 
حەماس ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەوان هەڵە نەبوون لە ‌هێرشەکەی ئەو رۆژە، ئەوە تەنیا وەڵامێکی ئاسایی بوو بۆ پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستینی.
 
لەبارەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیلی، حەماس دەڵێت، "درۆ و چەواشەیە، ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر خەڵکی سڤیل."
 
لەبارەی دۆخی غەززەی دوای شەڕ، حەماس دەڵێت، "هەموو هەوڵێکی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی خەڵکی غەززە رەتدەکەنەوە، چونکە خەڵکی غەززە خۆیان توانایان هەیە بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆیان بدەن."
 
حەماس داوا لە ئیسرائیل دەکات کە "تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەتەوەیی" رابگرێت و رێگەبدات هاوکاریی بچێتە ژوورەوە [بۆغەززە].
 
چەکدارانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 140 کەسیان کوشت، کە زۆربەیان سڤیل بوون. ئەمە وەک حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامدا لە ئاسمان و زەوییەوە دەستی بە بۆردوومانکرد و تائێستا بە گوێرەی تەندروستیی غەززە لانیکەم 25 هەزار و 178 کەس کوژراون، کە بەشی هەرە زۆریان ژن ومنداڵن.
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەززە 85%یان ئاوارە بوون؛ بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی خاپوورکردن و زیانگەیاندن بە 360 هەزار خانوو و شووقە.