شایستە داراییەکانی وانەبێژان لە 11 پەروەردە دابەشدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شایستەی دارایی مانگی 10ی ساڵی 2023ـی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە کوردستان دابەشدەکرێت.
 
عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ یەکشەممە 21-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئەم هەفتەیە لە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە شایستە داراییەکانی مانگی تشرینی یەکەم دابەشبکرێت. ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەی شێخان دابەشدەکرێت؛ 22ی مانگ شایستەکانی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی سێمێل لە دهۆک و بنەسڵاوە لە هەولێر دابەشدەکرێت."
 
عەلی رەئووف گوتی، "رۆژی سێشەممە، 23ی مانگ، شایستە داراییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری مامۆستایان لە پەروەردەکانی شنگال و دەوروبەری لە پارێزگای نەینەوا دابەشدەکرێت؛ رۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی دووەم، لە پەروەردەی ئامێدی و بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک دابەشدەکرێت؛ رۆژی پێنجشەممە، 25-01-2024، لە پەروەردەکانی ئاکرێ، زاخۆ، خەبات، کۆیە، کەرکووک-بەشی کوردی دابەشدەکرێت."
 
هەفتەی رابردوو لە 20 پەروەردەی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی ئۆکتۆبەری 2023 دابەشکرا.
 
بەپێی رێنوێنییەکانی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژ لە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم لەنێوان 250 بۆ 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت؛ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەنێوان 250 بۆ 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 37 هەزار مامۆستا دەبێت، شایستە داراییەکانی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینار دەبێت.