پۆلیسی هەولێر: کەسێکمان بە 9800 دۆلار و ملیۆنێک و 850 هەزار دیناری ساختەوە دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هاووڵاتییەکیان دەستگیر کردووە کە بڕی نۆ هەزار و 800 دۆلاری ئەمریکی و ملیۆنێک و 850 هەزار دیناری عێراقیی ساختەی پێبووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 21-01-2023 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هاووڵاتییەک دەستگیر کراوە کە دراوی ساختەی خستووەتە بازاڕەوە لە جۆری دیناری عێراقی و دۆلار."
 
بە گوتەی هۆگر عەزیز، تۆمەتبار ویستوویەتی بڕی نۆ هەزار و 800 دۆلاری ئەمریکی و ملیۆنێک و 850 هەزار دیناری عێراقیی ساختە بخاتە بازاڕەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە لەکاتی ساخکردنەوەی پارە لەناو بازاڕی هەولێر، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی پارێزگاکەوە دەستگیرکرا و بەپێی مادەی 285 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراوە و دەدرێتە دادگە.
 
هۆگر عەزیز باسی لەوەش کرد، "لەدوای هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، هێزەکانمان بە وردی چاودێریی ئەو بابەتە دەکەن، پێشبینیشمان دەکرد کە هەوڵبدرێت پارەی ساختە بکرێتە بازاڕەوە، بەڵام تیمەکانمان بە وردی چاودێرن."
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر داوا لە هاونیشتمانیان دەکات ئاگادار بن لە پارەی ساختە "کە زۆر نزیکە لە پارەی راستی، بەتایبەت لە جۆری 100 دۆلاری و 50 هەزار دیناری و 25 هەزار دیناریی عێراقی."
 
تۆمەتبارەکە، وەکو گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، بە رەچەڵەک عەرەبە و خەڵکی سووریایە، لە تاقیگەی ددان کار دەکات لە پارێزگای ناسریە و بە گوتەی خۆی "پارە ساختەکەی لە کەسێک وەرگرتووە و نیازی بووە ئامێری مۆبایل بکڕێت و رەوانەی بکات بۆ دەرەوەی هەولێر."