برای یەکێک لە تۆمەتبارانی رووداوەکەی مێردین بۆ رووداو: براکەم لە دهۆک کاری دەکرد و بە سەردان گەڕابووەوە

21-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
حاجی خالید، برای یەكێک لە تۆمەتبارەکانی رووداوەکەی نێوان نسێبین و مێردین بۆ رووداو قسەی کرد
حاجی خالید، برای یەكێک لە تۆمەتبارەکانی رووداوەکەی نێوان نسێبین و مێردین بۆ رووداو قسەی کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

برای یەكێک لە تۆمەتبارانی رووداوەکەی مێردین کە تێیدا پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک کوژران، بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند، براکەی لە دهۆک کاری کارەبایی دەکرد و بە سەردان چووبووەوە مێردین. دەشڵێت، "ئەو تەنیا شۆفێری" بۆ بکوژەکان کردووە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2023، عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ حاجی خالید، برای یەكێک لە تۆمەتبارەکانی رووداوەکەی نێوان نسێبین و مێردین بە ناوی (ف.ا)  کرد و پشتڕاستی کردەوە کە براکەی "شۆفێری" بۆ ئەو کەسانە کردووە کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام رەتیکردەوە کە پەیوەندی بە رووداوەکەوە هەبێت. 
 
لەو شەش کەسەی لەسەر رووداوی کوشتنی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک دەستگیرکرابوون، دووانیان ئازادکراون. لێکۆڵینەوە لەو چوار کەسەکەی دیکە بەردەوامە.  "ف.ا" یەكێکە لەو چوار کەسەی تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوو کەسەکەی دیکە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە بوون کە لە تاوانەکەدا بەکارهێندرابوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لەلایەن دادوەرەوە ئازادکران. 
 
حاجی خالید بە رووداوی گوت: "دڵگران بووین. بریا ئەمە رووینەدابا". لەبارەی کاتی پێش رووداوەکەش گوتی: "ئەو شەوە چووەتە ماڵی خوشکی؛ تەمەنی برام 46 ساڵ دەبێت؛ خێزاندارە و منداڵی بچووکەکەی 17-18 ساڵە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە براکەی "ماوەی 4-5 ساڵە لە دهۆک کاری کارەبایی دەکات. هەر سێ چوار مانگ جارێک دەهاتەوە و دواتر دەچووەوە سەر کارەکەی."
 
لەبارەی شەوی رووداوەکەوە حاجی خالید دەڵێت، لە هاوژینی براکەی پرسیوە کە (ف.ا) لەکوێ بووە؟ ئەویش گوتوویەتی: "تاوەکو کاژێر 10:00 لە ماڵی خوشکی بووین و دواتر چووینەتەوە ماڵەوە". دواتر (ف. ا) گوتوویەتی دەچێتە بازاڕ.
 
حاجی خالید رەخنەی تووندی لە (ف.ا) گرت و گوتی، ئەگەر دەستی لە تاوانەکەدا هەبووبێت، "خودا لێی رازی نەبێت، نەفرەتی خودای لێ بێت، برای ئێمە نییە و برایەتی لەو جۆرەشمان ناوێت. هەر کەسێک بەزەیی لە دڵیدا بێ، ئەو کارە ناکات. خۆزگە برای من نەبووایە. کەس هەیە کەسانی بەتەمەن بکوژێت؟ کەس لە جیهاندا شتی وەها ناکات کە ئەوانە کردوویانە." 
 
حاجی خالید هەروەها دەڵێت: "براکەم سوێند دەخوات کە پەیوەندی بەم کارەوە نییە؛ دەڵێت، بردوویانە و خستوویانەتە نێو ئەم پیلانەوە." بەڵام گوتوویەتیشی کە شۆفێریی بۆ ئەوان کردووە و دەڵێت: "هیچم نەکردووە. ئەوەی باس دەکرێت من نەمکردووە." برای (ف.ا) باس لەوەش دەکات کە "براکەم ناتوانێت مێروویەک بکوژێت، ئیدی چۆن کەسێک دەکوژێت؟"
 
لەبارەی ئەوەی کە دەکرێت قەرزدار بووبێت و لەپێناو پارەدا کارێکی لەو جۆرەی کردبێت، برای تۆمەتبارەکە دەڵێت: "براکەم قەرزدار نەبوو. دۆخی داراییشی باشە؛ خانووی هەیە، منداڵی هەیە و کاردەکات. ئەو لە عێراق کاری دەکرد و ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵە لەوێیە. لەو ماوەیەدا، رۆژێکیش مۆبایلێکی بە قاچاخ نەهێناوە؛ زۆر ترسنۆک بوو، چۆن شتی وا دەکات." 
 
تۆمەتبارەکە "شەش بۆ حەوت" برای هەیە. سێ برایان لە مێردینن و ئەوانەی دیکە لە ئەڵمانیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ی پارتی: ئەنجامدەران باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسی لقی 22ی پارتی قسەی کرد. سەرکۆنەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن".