ئیسماعیل بێشکچی: تەنیا بەفێرکردنی منداڵان، زمانی کوردی بەزیندوویی دەمێنێتەوە

21-01-2022
هێمن عەساف
 ئیسماعیل بێشکچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسی ناوداری تورك
ئیسماعیل بێشکچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسی ناوداری تورك
نیشانەکردن زمانی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسماعیل بێشکچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسی ناوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد لەبارەی هەڵمەتی پاڵپشتیکردن لە خوێندن بەزمانی کوردی رایگەیاند، تەنیا بە فێرکردنی منداڵان، زمانی کوردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 21-01-2022 ئیسماعیل بێشکچی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 09:00ی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بایەخی پەروەردە و فێرکردن بە زمانی کوردی گوتی: "هەر چەندە هاونیشتمانیان لە تەمەنەکانی نێوان 60-70 ساڵیدا لە نێوماڵیان و لە بازاڕ و کارکردن و دەرەوەشدا ئاخاوتنیان بە کوردی بێت، بەڵام هێندەی ئاخاوتنی منداڵ بە کوردی گرنگ و چارەنوسساز نابێت".
 
بێشکچی هۆشداری دا لە قسەنەکردنی منداڵان بە زمانی کوردی و گوتی: "ئەمڕۆ لە کوچە و کۆڵانەکانی ئامەد، ئێلیە، وان، جۆلەمێرگ، رووها، نسێبین، تاتوان، یوکسەکۆڤا و مەلەزگیرت بگەڕێین سەرنجی منداڵەکان بدەین لە یاریکردنیان یاخود دەمەقاڵێیاندا بزانین بە چ زمانێک دەدوێن. ئەگەر بە کوردی نەدوێن، کورد لە داهاتوو رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر گەورە دەبێتەوە. بۆیە فێرکردنی منداڵان بە زمانی کوردی زۆر زۆر گرنگە".
 
بێشکچی پێیوایە، فێرکردنی منداڵان بە زمانی کوردی لە رێگەی وانەی بژاردە، "هەڵەیەکی زۆر گەورەی دەسەڵاتە" و "سووکایەتییە بە کورد" و دەڵێت: "هەرچەندە لە گۆشەیەکی بچووکیشدا بێت، بەڵام دەبێ بە دروستی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەرفەتە بکرێت و باوانی منداڵان لە رێگەی بەشداریکردنێکی فراوانەوە دەتوانن سوود وەربگرن و کارەکە گەورەتر دەبێت. بۆیە ئاراستەکردنی منداڵان بۆ خوێندن بە زمانی کوردی سوودی یەکجار زۆری هەیە و دەبێت". 
 
ئیسماعیل بێشکچی ستایشی تۆڕی میدیایی رووداو بەگشتی و عەبدولسەلام ئاکینجی پەیامنێری رووداو لە ئامەد دەکات بەهۆی رووماڵی بەردەوام و پشتیوانیکردنیان بۆ هەڵمەتی خوێندن بەزمانی کوردی لە باکووری کوردستان. ئاماژەش بە رۆڵی بزووتنەوەی زمانی کوردی HezKurd دەکات، کە تیمەکانیان خەڵک هۆشیار دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی زمانی کوردی و دەڵێت: "لەم رووماڵ و هەڵمەتەدا دەرکەوت هێشتا خەڵکێکی زۆر پێشتر هیچ زانیارییان نەبووە لەبارەی وانەی بژاردەی زمانی کوردی". 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە 3ی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە ناونووسین بۆ دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە لە قۆناخی ناوەندی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 دەستیپێکردووە.
 
هەرچەندە وادەی ناونووسینەکە تاوەکو 21ی ئەم مانگە بوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە 20-01-2022 وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بەهۆی نالەباری کەش و هەوا و راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی زۆری پارێزگاکاندا، وادەکەی تاوەکو 7ی شوباتی داهاتوو درێژکردەوە. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان بە ملیۆنان کورد دەژین و لە مافی خوێندن بە زمانی دایک، بێبەشن، بە گوێرەی ماددەی 42ی دەستووری تورکیا "تورکی" زمانی دایکی سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیایە و بە پشتبەستن بەو ماددەیە بێجگە لە تورکی خوێندن بە هەموو زمانێکی دیکە لەو وڵاتەدا قەدەخەیە.
 
هەرچەندە لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە.
 
هەر قوتابییەک بۆی هەیە تەنیا یەک وانەی بژاردە هەڵبژێرێ. ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێ وانەی زمانی کوردی بخوێنێت.
 
لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی تورکیا تەنیا یەکجار داتاکانی خواستی لەسەر وانەی زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو داتایانە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە، لەوانە 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی کرمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی زازاکییان هەڵبژاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 59 مامۆستای کوردی لە تورکیا دامەزراون کە 48ی کرمانجی و 11ی زازاکین.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی ئاوات شێخ جەناب و شاندەکەی عێرق.

شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن؛ چی دەکەن؟

شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کەمتر لە هەفتەیەکدا کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکەن.